دکتۆرای فەخری ده‌به‌خشێته‌ کۆچەر بیرکار

27/03/2019 - 14:49 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

لە مەراسیمێکی تایبه‌تدا زانکۆی سەلاحەددین، دکتۆرای فەخری ده‌به‌خشێته‌ کۆچەر بیرکار، زانای ناوداری کورد لە بواری بیرکاریدا.

کۆچەر بیرکار، کە وەکو زانا لەبواری بیرکاریدا لە ریۆ دی جانێرۆ خەڵاتی جیهانی فێڵدزی وەرگرتووە، ئەمڕۆ له‌ مه‌راسیمێكدا لەلایەن زانکۆی سەلاحەددین لە هەولێر دکتۆرای فەخریی پێدەبەخشرێت.

کۆچەر بیرکار، خۆشحاڵی خۆی راگه‌یاند كە دوای 9 ساڵ جارێكی دیكە گەڕاوەتەوە ھەرێمی كوردستان و رایگەیاند: "زۆر جێگەی شانازییە كە زانكۆیەكی كوردستان بەوە ھەڵساوە كە دكتۆرای فەخری بە من دەبەخشێت".

وتیشی "ھیوادارم خەڵاتەكەی من ببێتە نموونەیەك كە گەنجانی دیكەی كورد بچن لە وڵاتان بخوێنن و بۆ ئەوەی سوودیان بۆ كوردستان ھەبێت".

مێدالیای فیدڵدز، ساڵانە دەدرێتە کەسێک تا چوار کەسی خوار تەمەن 40 ساڵی کە شارەزای بواری بیرکارین  و خەڵات دەکرێن. 

کۆچەر بیرکار بیرکارێکی ھاوچەرخی کوردە کە لە ساڵی ١٩٧٨دا لە گوندی نێ سەر بە شارستانی مەریوان بە ناوی فەرەیدوون درەخشانی لەدایکبووە. بیرکار ئێستا لە زانکۆی کەمبریج پرۆفیسۆرە. لە ساڵی ٢٠١٨دا توانی گەورەترین خەڵاتی بیرکاریی جیھانی فیڵدز کە بە نۆبێلی بیرکاری ناسراوە دەستەبەر بکات. کۆچەر بیرکار وتوویەتی «ھیوادارم ئەم خەڵاتە بزە بخاتە سەر لێوی چل میلیۆن کورد».


logo

Copyright © 2019 KURDIU. All Rights Reserved