پارتی: یەكێتی لە نێوخۆیاندا لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان ڕێكناكەون

02/04/2019 - 09:01 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


میدیای پارتی هێرش دەكاتە سەر یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بەوە تۆمەتباریان دەكات كە هۆكاری دواخستنی پێكهێنانی كابینەی حكومەتی هەرێمن و ناتوانن لەناوخۆیاندا لەسەرر دابەشكردنی پۆستەكان ڕێك بكەون و گرفتیان هەیە.


لەوبارەوە بەرپرسێكی پارتی دەڵێت: " لە دوایین كۆبوونەوەی نێوان ھەردوو شاندی پارتی و یەكێتیدا، برادەرانی یەكێتی داوای شەش وەزارەتیان كردبوو، بەڵام تەنیا پێنج وەزارەتیان بۆ دانراوە".


بڵند ئیسماعیل بەرپرسی لقی 12ی پارتی ووتی" ئەوەی ئێستا دۆخەكەی دواخستووە، یەكێتی خۆیەتی، چونكە لەوانەیە لەنێو خۆیاندا لەسەر دابەشكردنی ئەو پۆستانەی پێیان دراوە، گرفتیان ھەبێ و بە ئاسانی نەگەنە ڕێككەوتن، گرفتێكی وا لە نێوان پارتی و یەكێتیدا نییە“.


وتیشی " بەداخەوە حزبێك وای لێبێت نەتوانێت لە ناوخۆیاندا ڕێككەوتن لەسەر پۆستێك یان دوو پۆست بكەن“.