نوێترین لێدوانی عادل عەبدولمەهدی لە بارەی نەوتی كوردستان

SHKO 05/04/2019 - 07:59 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

هەندێک سەرچاوەی ڕۆژنامەوانی، كە بەشێكیان عەرەبی و ڕوسی بوون، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا باسیان لەوە كرد، بارزانی داوای لە عادل عەبدولمەهدی كردووە سكاڵایەكی وەزارەتی نەوتی عێراق دژی توركیا ڕابگرێت، کە لە دادگایەكی نێودەوڵەتی بە تۆمەتی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بەبێ ڕەزامەندی بەغدا و بە شێوەی قاچاغ تۆمارکراوە.

پاش چەند کاتژمێرێک عادل عەبدولمەهدی لە کۆنفراسێکدا ئەو زانیارییەی ڕەتكردەوە و باسی لەوە كرد، سكاڵاكە هی ئایاری ساڵی ٢٠١٤یە كە دەكاتە سەردەمی مالیكی و ئێستاش دادبینی تێیدا بەردەوامە، عێراق باشترین كۆمپانیای پارێزەریی گرتووە بۆ بەرگریی لە هەڵوێستی خۆی و ئەوان بە بڕیاری كۆتاییەوە پابەندن.

 بەپێی زانیارییە دزەپێكراوەكانیش بەغدا بەوهۆیەوە داوای ٢٦ ملیار دۆلار لە دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە دەكات.

ڕۆژێك پاش ئەم لێدوان و دڵنیاییدانەی عەبدولمەهدی و لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا دادگای باڵای فیدراڵی كە باڵاترین دەزگای قەزایی عێراقە دانیشتنێكی بۆ دادبینی لەسەر ئەو سكاڵایە بەڕێوەبرد، كە دژی دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان تۆماركراوە، بە شێوەی سەربەخۆ و فرۆشتنی لە ڕێگەی وڵاتی توركیاوە.

هەرچەندە لەم دانیشتنەدا دادگا كەیسەكەی دواخست بۆ ٧ی مانگی داهاتوو، بەڵام ڕێڕەوی دادگاییكردنەکە هەندێک بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینی، كە پێشكەشكردنی لائیحەی هەردوو وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و سامانە سروشتییەكانی هەرێم بوون لەبارەی ناوەڕۆكی سكاڵاكەوە، لەگەڵ تێبینی ئەوەی كە بەهۆی ئەوەی ئاشتی هەورامی لە ناوخۆی هەرێم نییە بریكارەكەی بەبێ ئیمزای ناوبراو بەرگرینامەكەی هەرێمی پێشكەش بە دادگا كردبوو.

بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبێت سەرۆك وەزیرانی هەرێم، سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزارەتی دارایی عێراق سەرنج، تێبینی و ڕونكردنەوەی خۆیان لەسەر سكاڵاكە بدەن، بەڵام هەردوو سەرۆك وەزیرانی بەغدا و هەولێر بە پاساوی تاوتوێكردنی وەڵامەكانیان هیچیان پێشكەش بەدادگا نەكرد و وەزیری دارایی كە فوئاد حوسێنە لەرێگەی بریكارەكەیەوە داوای دواخستنی سكاڵاكەی كرد، تا ئەوكاتەی لە پەرلەمان یاسایەكی فیدراڵی بۆ نەوت و گاز دەردەچێت، هەروەها داوای كردبوو، جێبەجێكردنی بڕگە و مادەكانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩ بەردەوام بێت.

هەرچەندە رەنگە حوكمی كۆتایی دادگای فیدڕاڵی لەبارەی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان درێژە بكێشێت، بەهۆی ئاڵۆزیی دۆسیەكە و زۆری بەراییەكانییەوە، بەڵام ئەو هەواڵانەی رۆژانە لەمیدیا عێراقی و عەرەبییەكان لەبارەی پابەند نەبوونی هەرێمی كوردستان بە رادەستی هیچ بڕە نەوتێك بە بەغدا بڵاو دەبنەوە، هۆكارێكی سەرەكین بۆ هێشتنەوەی ئەم دۆسیەیە بەگەرمی، نەخاسمە هەندێك لەو راپۆرت و هەواڵانەش بەپشت بەستن بەداتا بیانییەكان باس لە گەیشتنی نەوتی هەرێم دەكەن بەبەندەرەكانی ئیسرائیل، ئەمەش هەستیارییەكی زۆری لای هێزە شیعە و سوننەكان دروست كردووە و لەمبارەیەوە ژمارەیەك پەرلەمانتار بە فەڕمی داوای ڕونكردنەوە و بەدواداچونیان لە وەزارەتی نەوت و عادل عەبدولمەهدی كردووە.