بزانه‌ حكومه‌تی عێراق له‌ماوه‌ی سێ مانگی رابردوو چه‌ندی پاره‌ بۆموچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ناردووه

11/04/2019 - 17:17 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات حكومەتی هەرێم سێ موچەی فەرمانبەرانی بەبێ پاشەكەوت وەرگرتووە كە دەگاتە زیاتر لە یەك تریلیۆن و سێ سەدو شەست و یەك ملیار دینار .

غالب محمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلاپەرەی تایبەتی خۆی لەتۆری كۆمەڵایەتی فەیس بووك نوسیویەتی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و وەزیری داریی بۆچی وا لە فەرمانبەران دەكەن ، چونكە حكومەتی عێراق موچەی بێ باشەكەوتی مانگی (۱، ۲، ۳) ناردوە، بەبێ ئەوەی یەك بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان تەسلیم كرابێت، كەوایە حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی سێ مانگی بەبێ پاشەكەوت وەرگرتوە بەپێی نوسراوی ژمارە (٥۲۷۰) لە بەرواری (10_3_2019) دەرچوە، كەدەكاتە زیاتر لە (یەك تریلیۆن و سێ سەدو شەست و یەك ملیار دینار).

ئەوەشی ئاشكرا كردووە، جگەلەوەش ئەم هەفتەیە موچەی چوارمانگی پێشمەرگە وەردەگرێت لەعێراق كەحسابم نەكردوە و ڕۆژانە (450) هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت كە داهاتەكەی دەكاتە زیاتر لە دوو تریلۆن دینارو داهاتی ناوخۆی هەرێم دەكاتە (450) ملیار دینارلە سێ مانگدا، كەواتە كۆی داهاتی هەرێمی كوردستان لەماوەی سێ مانگی ئەم ساڵدا دەكاتە (سێ تریلیۆن و هەشسەدو یانزە ملیار) دینار، ئەمەش بەشی زیاتر چوار موچەی بێ پاشەكەوتی هەرێمی كوردستان دەكات! ، بەشێكیشی دەمێنێتەوە.

ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێنەران ئەوەشی ئاشكرا كردوە ، حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی دوو موچەی پاشەكەوتیان پێداوەو یەك موچەی بێ پاشەكەوت، بۆیە بەرپرسانی هەرێم نەك هەرناتوانن وەك فەرمانبەرێك موچەی خەڵكی هەرێمی كوردستان دابەش بكەن، بەڵكو وەك فەرمانەرێكی گەندەڵی عێراق موچەی خەڵكی هەرێم دەدزن، لێرەوە بۆمان ڕوندەبێتەوە كە بەرپرسانی هەرێم هەمو پارەی عێراق بخرێته بەردەستیان هەردزی لەموچەی فەرمانبەران دەكەن.

لە كۆتایی نوسینەكەیدا غالب محمەد دەڵێت : ئێستا لەبری ئەوەی موچەی فەرمانبەران بێ پاشەكەوت و لەكاتی خۆیدا بدەن، دەڵێن حكومەتی عێراق بەرپرسە لەپاشەكەوت، ناڵێن ئێمە پارە لەحكومەتی عێراق وەردەگرین بەناوی موچە، بەڵام بەشێكی زۆری بەناوی قەرزو شتیتروە خۆمان نوقمی دەكەین.