به‌رپرسێكی باڵای كورد باس له‌ خه‌رچكردنی چوار موچه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌كات

14/04/2019 - 15:52 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

له‌ لێدوانێكیدا جێگری دووه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ، باس له‌  ناردنی پارەی چوار مووچەکەی هێزی پێشمەرگە ده‌كات و  زانیاری نوێ ئاشكرا ده‌كات .

د. به‌شیر خه‌لیل حه‌داد، جێگری دووه‌می  سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی  عێڕاق ڕاگه‌یاند: دوای ئه‌وه‌ی ڕه‌زامه‌ندی درا کە پارەی چوار مانگی هێزەکانی پێشمەرگە کە بۆ هه‌ر مانگێك 68 ملیار دیناره‌ خه‌رجبكرێت، به‌ڵام وه‌زاره‌تی به‌رگری پاره‌كه‌ی بۆ وه‌زاره‌تی دارایی گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان پاره‌كه‌ خه‌رج بكه‌ن.

حه‌داد ئەوەشی بۆ ماڵپەڕی  حزبه‌كه‌ی ئاشكرا كردوه‌،  بڕی پاره‌كه‌ ئاماده‌یه‌ و خه‌رجكراوه‌ ته‌نیا ماوه‌ بگاته‌ هه‌رێمی كوردستان.

بەگوێرەی یاسایی بودجه‌ی عێراق  مانگانه‌  (68) ملیار دینار بۆهێزی پێشمه‌رگه‌ ته‌رخان كراوه‌، بۆهه‌ر چوار مانگ ده‌كاته‌ (272) ملیار دینار بۆهه‌ر چوار مانگ .

جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ وا بڕیاره‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا شاندێكی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ بریاری خەرجکردنی چوار مووچەکە و گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری عێراق سه‌ردانی  بەغدا بكه‌ن .