بەرپرسێكی یەكێتی لە كەركوك : یەكێتی كەركوكی بەلاوە گرنگ نییە

18/04/2019 - 10:38 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

لە سێی ئازاری رابردوو، (كۆسرەت رەسوڵ) جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی و هەریەكە لە (عیماد ئەحمەد و ئەرسەلان بایز) ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، لە پیرمام لەگەڵ (مەسعود بارزانی) سەرۆكی پارتی كۆبوونەوەو رێككەوتن پرسی كەركوك بە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بسپێرن، ئەوەش پێچەوانەی پێداگرییەكانی پێشووی یەكێتی بوو كە دەیویست لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێدا پارێزگارێكی نوێ لە پشكی یەكێتی بۆ كەركوك هەڵبژێردرێت.

(غازی كەركوكی) جێگێری لێپرسراوی مەڵبەندی دووی كەركوكی یەكێتی رایگەیاند، ئەو وەفدەی یەكێتی كە لەگەڵ (مەسعود بارزانی) رێككەوتنیان ئەنجامدا، پرسی كەركوكیان وەلاوەناوەو بەهیچ شێوەیەك پێداگیریان لەسەر دۆخی كەركوك نەكردووە.

سەرەتا یەكێتی بڕیاریدا پرسی كەركوك و پێكهێنانی حكومەتی هەرێم بەیەك پاكێج مامەڵەی لەگەڵدا بكات لە دانووستانەكانی لەگەڵ پارتی، بەڵام بەڕوونی دەڵێم یەكێتی و بە دیاریكراوی ئەو وەفدەی لەگەڵ پارتی دانووستانیان كردووە پرسی كەركوكیان پشتگوێخست.

(غازی كەركوكی) وتی : من بەرپرسیارم بەرامبەر ئەو قسانەی دەیكەم، پارتی دۆخی كەركوكی بەلاوە گرنگ نییە، پارتی یاری بە هاوڵاتیانی كەركوك دەكات، بۆیە مەرجی دانانی پارێزگارێكی كوردی بۆ ئەم شارە بەستۆتەوە بە ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك، واتا ئەوان نایانەوێت، هەتا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بۆ ئەو پرسە بێنە پێشەوە.