“حكومەتی هەرێم پاشەكەوتی مووچەی لانەبردووە”

SHKO 21/04/2019 - 10:04 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

ئەندامێكی پەڕلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێم نزیكەی ٣ ساڵ مووچەی فەرمانبەرانی پاشەكەوت كرد و ٨ مووچەی خوارد و ٣٤ مانگ نیوە مووچە و چارەكە مووچەی دابەشكرد، دەشڵێت: “نەك سیستەمی پاشەكەوت لانەبراوە، بەڵكو تا ئێستا ئەو مووچانەی دابەشی كردووە بەسەر مووچەخۆراندا، نزیكە لە سیستەمی چارەكە مووچە، نەك مووچەی بێ پاشەكەوت”.

دیاری ئەنوەر ، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ‎دوای ئەوەی حكومەتی هەرێم نزیكەی ٣ ساڵ مووچەی فەرمانبەرانی پاشەكەوت كرد و ٨ مووچەی خوارد و ٣٤ مانگ نیوە مووچە و چارەكە مووچەی دابەشكرد، دواجار، كە بەغدا پارەی ڕەوانەی هەرێم كرد، بەحساب پاشەكەوتی مووچەی لابرد، بەڵام تا ئێستا دابەشكردنی مووچە بە پاشەكەوتەوەیە.

ڕاشیگەیاند، ‎ئەگەر بێین و بە وردی ئاوڕێك لە ڕابردوو بدەینەوە، دەبینین نەك سیستەمی پاشەكەوت لانەبراوە، بەڵكو تا ئێستا ئەو مووچانەی دابەشی كردووە بەسەر مووچەخۆراندا، نزیكە لە سیستەمی چارەكە مووچە، نەك مووچەی بێ پاشەكەوت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئێستا مانگی (نیسان)ە و وا دەچینە مانگی مایس (٥)ەوە، بەڵام حكومەتی هەرێم خەریكی دابەشكردنی مووچەی مانگی (یەك)ە، كەواتە تائێستا یەك مووچەی تەواوی دابەشكردووە و هێشتا دیارنییە كەی مووچەی مانگی دوو دابەش دەكات.

‎ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: “ئەگەر فەرمانبەرێك مووچەكەی ٥٠٠ هەزار دینار بێت، ئەوا دەبو تا ئێستا بەدیاریكراوی دوو ملیۆن دیناری وەربگرتایە، لەكاتێكدا تا ئێستا ٥٠٠ هەزارەكەی وەرگرتووە، ئەمە پێمان دەڵێت، نەك سیستەمی پاشەكەوت لانەبراوە، بەڵكو حكومەتی هەرێم بەگی داناوە بۆ دواوە و گەڕاوەتەوە بۆ سیستەمی چارەكە مووچە”.