كاتی‌ گۆڕانكاری له‌موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشنینان ئاشكراكرا

22/04/2019 - 09:56 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

فراكسیۆنی‌ پارتی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان رونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ی‌ هاوتاكردنی‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌دات و په‌رله‌مانتارێكی‌ ئه‌و حزبه‌ش له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت گۆڕانكاری له‌ موچه‌دا ده‌كرێت.

شوان كه‌ریم زار په‌رله‌مانتاری‌ فراكسیۆنی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌تۆری سلیمانی راگه‌یاند: یه‌كێك له‌ هه‌نگاوه‌كان كه‌به‌نیازین له‌ماوه‌ی‌ ئه‌م خوله‌ی‌ په‌رله‌ماندا كاری له‌سه‌ربكه‌ین جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ یاسای چاكسازییه‌ كه‌ له‌نێویاندا رێكخستنه‌وه‌ی‌ موچه‌ی‌ پله‌ی‌ بالاَكانه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ سه‌رله‌نوێ به‌میكانیزمێكی‌ نوێ دابڕێژرێته‌وه‌.

رونیشیكرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ بۆ موچه‌ی‌ پله‌ بالاَكان به‌رنامه‌ هه‌یه‌ كه‌ گۆڕانكاری تێدا بكرێت و هه‌وڵی بۆده‌درێت، هاوكات ئه‌و خانه‌نشینانه‌ی‌ موچه‌یان كه‌متره‌ به‌راورد به‌ به‌غدا چاكبكرێت و هاوتابكرێت.

راشیگه‌یاند: ئه‌و هه‌نگاوه‌ پێویستی‌ به‌رێكه‌وتن له‌نێوان ئه‌و لایه‌نانه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌كابینه‌ی‌ نوێی‌ حكومه‌تدا به‌شدارده‌بن، وه‌كو فراكسیۆنی‌ پارتی‌ یه‌كێكه‌ له‌به‌رنامه‌ی‌ كاره‌كانمان به‌تایبه‌ت زیادكردنی‌ موچه‌ی ئه‌و توێژانه‌یه‌ كه‌ به‌راورد به‌ به‌غدا كه‌متره‌.