سه‌باره‌ت به‌موچه‌ ،هه‌رێم داوایه‌كی تر ئاراسته‌ی به‌غدا ده‌كات

22/04/2019 - 16:37 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لەبارەی موچەی كەسوكاری شەهیدانەوە، داوایەكی نوێ ئاڕاستەی بەغدا دەكات، وتەبێژی ئەو وەزارەتەش ناوەڕۆكی داواكارییەكە ئاشكرادەكات و رایدەگەیەنێت: نوسراوێكمان لەوبارەیەوە پێشكەشی دامەزراوەی شەهیدانی عیراق كردووە.
فوئاد عوسمان، وتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان رایگەیاند: لەمیانی دواین كۆبوونەوەمان لەگەڵ دامەزراوەی شەهیدانی عیراق كە لەبەغدا بەڕێوەچوو، داوامانكرد ئەگەر لەئێستادا ناتوانرێت موچەی كەسوكاری شەهیدان بخرێتەسەر عیراق و هاوتا بكرێت لەبەرئەوەی پێویستی بەدەركردنی یاساو هەمواركردنەوەی یاسا هەیە، عیراق ئەو بڕە پارەیە رەوانەی هەرێم بكات كە بۆ موچەی كەسوكاری شەهیدان پێویستە.
ئەوەشی ئاشكرا كردوە، وەكو وەزارەتی شەهیدان نوسراوێكمان پێشكەشی لیژنەكە كرد بۆئەوەی كاری لەسەر بكرێت.
فوئاد عوسمان ئەوەشی بەتۆری هەواڵی سلێمانی راگەیاند: هەر لەو كۆبوونەوەیەدا تاوتوێی لێكتێگەیشتنێك كرا لەنێوان وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و دامەزراوەی شەهیدانی عیراق، ئێمە 14 خاڵمان پێشكەشكردو بڕیاردرا لیژنەیەك بۆ یەكخستنی خاڵەكان پێكبهێنرێت و بكرێت یاداشتێك و واژۆ بكرێت.