ووته‌بێژی پارتی واده‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم ئاشكرا ده‌كات وه‌ باس له‌به‌شداری كردنی كۆمه‌ڵ له‌ حكومه‌ت ده‌كات

22/04/2019 - 16:55 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ئەگەرچی زیاتر لە (203) رۆژە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام دراوە " بەڵام تا ئێستا كابینەی نۆیەم پێكنەهێندراوە، لەلایەن خۆیەوە وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان وادەی پێكهێنانی كابینەی نۆیەم ئاشكرا دەكات و رایدەگەینێت :، پێش جەژنی رەمەزانی پیرۆز كابینەی نوێی حكومەت پێكدەهێنرێت و لە دوو ڕۆژی داهاتووشدا ڕێككەوتنەكان لەوبارەیەوە كۆتاییان دێت.

مەحمود محەمەد ڕایگەیاند، لەماوەی ڕابردوودا تەواوی كۆبوونەوەكانیان لەبارەی پێكهێنانی حكومەت ئەنجامداوەو كاتیشیان بە لایەنە سیاسیەكان داوە تا حكومەتێكی بەهێز دروست بێت،هەربۆیە بەپێی هەموو بەرچاوڕوونیەكان، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا ڕێكەوتنەكان لەوبارەیەوە كۆتاییان دێت"

ئەوەشی ئاشكرا كردوە، لە ئێستادا بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی و پارتی لە دۆخەكە تێدەگەن و تەئكید لەوەشدەكاتەوە، پێویست بە سەردانیكردنی دووبارە ناكات بۆلای یەكتر، بەڵام پێویستیان بە كۆبوونەوەی هاوبەش هەیە، چونكە دەبێت كارەكانی حكومەت لەو كۆبوونەوەیەدا گفتوگۆی لەسەر بكرێت.

سەبارەت بە بەشداریكردنی كۆمەڵی ئیسلامی لە حكومەتی داهاتوو، وتەبێژەكەی پارتی ئاشكرای كرد ، "ئەوان سەردانی ئێمەیان كردووە و ئێمەش سەردانی ئەوانمان كردووە و چاوەڕوانی وەڵامیان دەكەین بۆ بەشداریكردن یان نەكردن لە حكومەت".

مەحمود محەمەد ئەوەشی بۆئێن ئارتی ئاشكرا كردوە، "لە هەوڵی ئەوەشدان حكومەت پێش جەژنی ڕەمەزان پێكبهێنرێت".