لەبارەی مووچەوە هۆشداری دەدرێتە فەرمانبەران

22/04/2019 - 17:28 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری ئاشكرای دەكات ، بەم زووانە قۆناغی دووەمی سیستمی بایۆمەتری دەست پێدەكاتەوە، هەر مووچەخۆرێكیش ناوی لە بایۆمەتریدا تۆمار نەكرابێـت، مووچەی پێ نادرێـت.

هیوا ئەفەندی لە لێدوانێكیدا رایگەیاند: سیستمی بایۆمەتری دەبێتە هۆی ئەوەی حكوومەتی ئەلیكترۆنی لە هەرێمی كوردستان بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان و ڕاییكردنی كارەكانیان بە شێوەی ئۆنڵاین لە دامودەزگا حكوومییەكان دروست ببێت، لە هەمان كاتدا كارئاسانی بۆ وەزارەتی دارایی دەكات لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران و ڕێكخستەوەی ژمارەی مووچەخۆران لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەر كەسێكیش ناوی لە سیستمی بایۆمەتریدا نەبێـت، مووچەی پێ نادرێـت.

ئەوەشی ئاشكرا كردوە، لە ئایندەیەكی نزیكدا قۆناغی دووەمی سیستمی بایۆمەتری دەست پێدەكاتەوە، كە قۆناغی خزمەتكردن و حكوومەتی ئەلیكترۆنی دەبێـت، پلانمان هەیە سەرجەم دانیشتووانی هەرێم داخڵی ئەو سیستمە بكەین و پڕۆفایلێكی تایبەتیان بۆ بكرێتەوە، كە سەرجەم زانیارییە كەسییەكان لە خۆ بگرێت، تا هاووڵاتیان بۆ بەئەنجامگەیاندنی كاری فەرمانگەكانی حكوومەت، پێویستیان بە مامەڵەی تر نەبێـت، هاوكات ئەو پڕۆفایلە لەئاستی نێودەوڵەتییش باوەڕپێكراوە و كاری پێدەكرێت و سوودی زۆریشی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەبێـت.

سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری ئەوەشی بەماڵپەری پارتی راگەیاند: تەواوبوونی ئەم سیستمە، هاوكارێكی گرینگ دەبێـت لە ڕێكخستن و خستنەڕووی ژمارەی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی میلاك لە سەرجەم دامودەزگا حكوومییەكانی هەرێمی كوردستان.