په‌رله‌مانتارێك چۆنیه‌تی دانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ئاشكرا ده‌كات

25/04/2019 - 16:31 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان باس لە چۆنیەتی دانەوەی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران دەكات و ئاشكرای دەكات حكومەتی هەرێم ناتوانێت بەكاش پارەی پاشەكەوتی سەرجەم موچەی خۆرانی هەرێم بداتەوە ، ئەوەشی راگەیاند : دەبێت دەرچەیك بدۆزرێتەوە .

بەهجەت عەلی سپینداری ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند : بەدڵنیایی پێدانی مووچەی بێ پاشەكەوت بۆ فەرمانبەران بەردەوام دەبێت، وەكوو دیارە رێككەوتنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ بودجەی 2019 هەیە، بۆیە ئەمساڵ مووچە كێشەی نابێت و بەشێوەیەكی رێكوپێك دابەش دەكرێت.

ئەوەشی ئاشكرا كرد، لەگەڵ حكوومەت كار دەكەن بۆ ئەوەی میكانزمێك بدۆزرێتەوە، تاوەكوو مووچە پاشەكەوتكراوەكانی مووچەخۆران بدرێتەوە، دەشڵێت: "دەبێت میكانزمێك یان دەرچەیەك بدۆزرێتەوە بۆ دانەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكان، بۆ نموونە، بە شێوەیەك بێت ئەو قەرزانەی لای هاووڵاتییانە بەر پاشەكەوتی مووچە بكەون"

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی ئەوەشی بۆباسنیوز ئاشكرا كردوە،"زەحمەتە حكوومەت پارەی هەموو مووچە پاشەكەوتكراوەكان بە كاش بداتەوە، بەڵام دەتوانێت رەقەم حیسابی بۆ فەرمانبەران بكاتەوە، بۆ ئەوەی فەرمانبەران بتوانن سوود لەم رەقەم حیسابییە وەربگرن و قەرزەكانی ئاو و كارەبا، لەگەڵ رسوومات و باج و كرێی خزمەتگوزارییەكانی پێ بدەنەوە ".

 ن.ش