هه‌فته‌ی داهاتوو چه‌ند موچه‌یه‌ك به‌یه‌كه‌وه‌ دابه‌ش ده‌كرێت

01/05/2019 - 13:00 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
ئەگەرچی زۆرێك لە فەرمانبەران خانەنشین كراون " بەڵام تا ئێستا جیاوازی موچەكەیان بۆخەرج نەكراوە، بەڕێوەبەری‌ خانەنشینی‌ شارستانی‌ لەسلێمانی‌ ئامادەبونی‌ چەكی‌ موچەی‌ خانەنشنیان ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت،ئەگەر سبەینێ وردبینی‌ چەكەكەیان تەواوبكرێت یەكشەممەی‌ هەفتەی‌ داهاتوو موچەی‌ چەند مانگێكیان بەسەریەكەوە بۆ خەرجدەكرێت.
درەخشان ئەحمەد عەلی‌ بەڕێوەبەری‌ خانەنشینی‌ شارستانی‌ لەسلێمانی‌ ڕایگەیاند: ئەو خانەنشینانەی‌ لەدایكبوی‌ ساڵانی‌ (1954 ـ 1955)ن پێشتر كاتێك خانەنشینكران، یەك موچەیان بۆ خەرجكراو جیاوازی موچەیان هەبوو، لەكاتێكدا دەبوو چەند موچەیەكی دیكەیان پێبدرایە، بەڵام ئێستا ڕەزامەندی لەسەر جیاوازی‌ موچەكەیان لەهەولێرەوە گەڕاوەتەوەو ئەوكارانەی‌ تایبەتبوو بەئێمەش بەكۆتامان هێناوە، سبەینێ‌ پێنجشەممە (2/ 5/ 2019) لیستەكانیان بۆ بەڕێوەبەرایەتی‌ گەنجینەكان ڕەوانە دەكەین، ئەگەر پرۆسەی‌ وردبینی‌ بەكۆتاهات و چەكەكانیان بۆ ئامادەكرا، ڕۆژی‌ یەكشەممەی‌ داهاتوو پارەكەیان بۆ خەرجدەكرێت.
ئەوەشی ئاشكرا كردوە، خەرجكردنی‌ پارەكە لەبنكەی‌ یەك دەبێت لەمانگرەكان لەشاری سلێمانی‌ كە جیاوازی ئەو موچەیەیان بۆخەرجدەكرێت.
بەرێوبەری خانەنشینی شارستانی ئەوەشی بۆتۆری هەواڵی سلێمانی ئاشكرا كردوە،ژمارەیەكی‌ زۆر لەو خانەنشینانە، پێنج موچەیان بۆ خەرجدەكرێت، بەشێكی‌ دیكەشیان چوار موچەو بەشێكی‌ دیكەش كەمتر لەوە، بەڵام سەرجەم موچەكانیان بەیەكەوە بۆ خەرجدەكرێت و بڕیارەكەشی‌ گەڕاوەتەوەو پارەكەش ئامادەیە.

ن.ش