ئەمرۆ وەزارەتی پێشمەرگە مووچە وەرناگرێت

SHKO 05/05/2019 - 08:33 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە ئەمرۆ مووچەی دیوان و لیواکانی وەزارەتەکە دابەش ناکرێ.

لیوا بەکر سدیق ،بەڕێوەبەری گشتی ژمێریاری لە وەزارەتی پێشمەرگە بە (باس)ی ڕاگەیاندوە: "بڕیار بوو ئەمرۆ 5ی ئایار مووچەی دیوان و لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش بکرێ،بەڵام پارەمان لە دارایی بۆ نەهاتووە بۆیە ئەمرۆ مووچە دابەش ناکرێ".

وتیشی: "ئەمرۆ یەکشەممە لەگەڵ وەزارەتی دارایی لەسەر هێڵ دەبین و چاوەڕوانی ئەوەین تەمویلمان بکەن بۆ ئەوەی دووشەممە مووچە دابەش بکرێ".

دابەشنەكردنی مووچە وەزارەتی پێشمەرگە لەكاتی خۆی و درەنگ دابەشكردنی مووچەی وەزارەتەكانی تر لە كاتێكدایە كە حكومەتی هەێم رۆژانە (450) هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و سەدان ملیار دیناریش لە داهاتی ناوەخۆ دەستی دەكەوێت، بەڵام تاوەكو ئێستا مانگانە بەبێ هۆكارێكی دیار مووچە درەنگ دەكەوێـت و فەرمانبەران دەكەونە دڵەراوكێ.

بەپێ سەرچاوە ئاگادارەكانی هەرێم تەنها بڕی نەوتی فرۆشراو بەشی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران دەكات، ئەوە بێجگە لە پارەی حكومەتی بەغدا كە مانگانە بۆ مووچە بۆ هەرێم رەوانەی دەكات.

چەند رۆژێك لەمەوبەر دەزگا راگەیاندنیەكانی دەسەڵات بڵاویان كردەوە كە وەزیری دارای عێراق واژووی لەسەر خەرجكردنی چوار مووچەی پێشمەرگە كردوە، كەچی ئەمرۆ لە وەزارەتی دارایی هەرێم پێیان دەڵێ" كە تەمویا نەكراون.