هۆكاری كشانه‌وه‌ی كارمه‌ندانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ئاشكراده‌بێت

15/05/2019 - 15:55 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

لەدوای بڕیاری ئەمریکا بۆ کشانەوەى ئەو کارمەندانەى باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی لە بەغدا و هەولێر و بەسرە کە ئەرکی هەنووکەییان نییە و ڕاگرتنى پێدانی ڤیزا بە شێوەیەکى کاتی، سەرچاوەیەکى حکومەتى عێراق باسی هۆکارەکانى پشت ئەو بڕیارەی واشنتۆن ئاشکرا دەکات.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ حكومه‌تی عێراقی ئاشكرای كردوه‌، دەزگای ئاسایشی عێراق پلانێکى ئاشکراکردووە کە گروپە چه‌كدارییەکان بەنیاز بوون کارمەندانی بە ڕەگەز ئەمریکی لە باڵیۆزخانەکە لە ناوچەکانى کەڕادە و جادریە و مەنسور و حارسیە بفڕێنن .

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوه‌كه‌ی ئاشكرا بكرێت رایگه‌یاندوه‌ ، دەزگای ئاسایشی عێراق لایەنی ئەمریکی ئاگادارکردووەتەوە لە هەڕەشە و پلانی چاوەڕوانکراو بۆسەر هاوڵاتیانی ئەمریکا.

ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردوه‌، ئەوە سەرباری ئەوەى چەند لایەنێکى عێراقی لە دانوستانەکاندا باسیان لەوەکردووە کە نایانەوێ هەڕەشەکان زیاتر بکەن و ئەگەری تێوەگلانی ئەو لایەنانە بە هێرشی چەکداری و کردەوەى فڕاندن کەمبووەتەوە، بەڵام دۆخەکە بۆ ئەوە دەچێت کە هەڕەشەى جدی هەیە لەسەر هاوڵاتیان و دیبلۆماتکارانى ئەمریکا بە تایبەت دوای ئەوەى دەزگای ئاسایشی عێراق توانی دەست بەسەر سێ سەکۆی هەڵدانی موشەکی کاتیۆشادا بگرێت لە ناوچە محەمەد قاسم کە بە ئاڕاستەى ناوچەى سەوزدا دانرابوون، بۆیە لەوانەیە هەموو ئەوانە هۆکار بن بۆ بڕیارەکەى ئەمریکا بۆ کشانەوەى بەشێک لە کارمەندەکانی.