روونكردنه‌وه‌ ده‌درێت له‌سه‌ر راگرتنی مه‌شق و هاوكاریه‌كانی ئه‌مریكا بۆ پێشمه‌رگه‌  

15/05/2019 - 17:23 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
 

لەبارەی بڕیاری راگرتنی مەشق و جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیاو ھۆڵەندا لەعیراق و ھەرێم بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، "بڕیارەکە بۆ چەند رۆژێکەو ھەفتەی داھاتوو دەستپێدەکاتەوە"، روونکردنەوەش دەدات لەسەر زیادبوونی ژمارەی سوپای ئەمریکا لەعیراق و ھەرێم.

 

لیوا قارەمان کەمال جێگری سەرۆکی دەستەی ئەرکانی ئۆپراسیۆنەکانی وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاند، بڕیاری راگرتنی مەشق و جموجۆڵە سەربازییەکانی سوپای ئەمریکاو ئەڵمانیاو ھۆڵەندا لە عیراق و ھەرێمی کوردستان، کاتییەو لەچەند رۆژی داھاتوودا دەستپێدەکاتەوە.

بەوتەی ئەو بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی پێشمەرگە، ھەفتەی داھاتوو پڕۆسەی مەشقپێکردنی ھێزە عیراقیەکان و پێشمەرگە لەلایەن ئەمریکاو ئەڵمانیاو ھۆڵەنداوە دەستپێدەکاتەوە.

لەبارەی کاریگەری ئەو بڕیارەی ئەمریکا لەسەر راگرتنی ھاوکارییە داراییەکانیان بۆ پێشمەرگە کە بەشێکیان بۆ موچەیە، لیوا قارەمان کەمال ئاشکرایکرد، ئەو دوو پرسە جیاوازن و بڕیارەکەی ئەمریکا کاریگەریی لەسەر ئەو ھاوکارییانە نابێت.