جەعفەر شێخ مستەفا: لەسەر گۆڕان هیچ لێپرسینەیەكم لەگەڵ نەكراوە

16/05/2019 - 09:59 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


فەرماندەی هێزەكانی حەفتای پێشمەرگە و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت: لەسەر ئەوەی وتم گوێ ناگرم لەبڕیارەكانی جێگری سەرۆكی هەرێم لەپشكی گۆڕان، ڕاست نیە هیچ لێپرسینەوەیەكم لەلایەنی حكومی و حیزبی لێنەكراوە.


جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی هێزەكانی حەفتای پێشمەرگە و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە ڕەتدەكاتەوە كە توشی لێپێچینەوەی حیزبی یا حكومی بوبێت و لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: دوورە لەڕاستیەوە كە لەسەر لێدوانەكەی پێشووم سەبارەت بە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم لە پشكی گۆڕان، هیچ لێپرسینەوە یا نیگەرانی و كاردانەوەی نێگەتیڤ هەبوبێت لەلایەن مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و ڕێكخستنەكانی یەكێتیەوە تەنانەت نەك كاردانەوە بەڵكو هیچ بۆچونێكی جیاوازییان نەبووە.


هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد: بەهیچ جۆرێكیش لەلایەن هیچ لایەنێكی حوكمی و وەزارەتی پێشمەرگە هیچ ڕەخنە یان گللەییەكیان لینەكردووم لەسەر ئەو لێدوانە .


شێخ جەعفەر شێخ مستەفا كە بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، ووتیشی: ڕەنگە وەك گۆڕان هەندێك قسە لەملاو لاكرابێت بەس بەڕەسمی نا، بەڵام ڕەنگە بە"شەخسی" قسەیان كردبێت، ڕەنگە كادیرێك یا كەسێكیان قسەیان كردبێت ئەویش بەلای منەوە شتێكی ئاسایی بووە، ئەگەر كەسێكیش قسەی كرد دەبێت چاوەڕێی ئەوە بكات كە وەڵام و كاردانەوەی دەبێت بەرامبەری ئەوە ئاساییە.

 

 

 

س ب