ڕۆژنامەنوسێكی یەكێتی ناوەڕۆكی نامەیەكی بارزانی بۆ یەكێتی ئاشكرادەكات

16/05/2019 - 10:33 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

ڕۆژنامەنوسێكی یەكێتی ناوەڕۆكی نامەیەكی سەرۆكی پارتی بۆ یەكێتی ئاشكرا دەكات و ڕایدەگەیەنێت: مەسعود بارزانی بە شێوەیەكی نەرێنی وەڵامی نامەیەكی یەكێتی داوەتەوە كە ئەو وەڵامە پێچەوانەی ڕێككەوتنی زارەكییە كە لەگەڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی ئەنجامی داوە.


سەرتیپ جەوهەر ڕۆژنامەنوسی یەكێتی لەلاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لەژێرناونیشانی "نامەیەكی نوێی بارزانی بۆ یەكێتی، بارزانی لە بەڵێنەكەی پەشیمان بۆتەوە" نوسیویەتی:" بەپێی زانیارییەكان بارزانی لەماوەی چەند رۆژی رابردوو وڵامی نامەیەكی (یەكێتی نیشتیمانی كوردستان)ی بە نەرێنی داوەتەوەو بەڕوونی وتویەتی دوای پێكهَنانی حكومەت وەفدێكی هاوبەش دەنێرینە بەغدا؟! ئەمەش پێچەوانەی ئەو رێككەوتنە زارەكیەیە كە (گوایە! ) لەگەڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی كردوویەتی؟ ".


ئەوەشی خستەڕوو: ئەگەری بەهێز ئەوەیە دوبارە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی و پارتی گرفتی بۆ دروست بێت و دووبارە ناڕەزاییەكانی ناوخۆی یەكێتی تۆخ ببێتەوە، چونكە وڵامی بارزانی بۆ یەكێتی لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت، یان ریككەوتنە زارەكیەكە بەوشێوە نەبووە كەبڵاوكرایەوە، یان پارتی دەستی بەدەستی بە یەكێتی دەكات! لەكاتێكدا بەپێی رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی و پارتی، پێویستە لەگەڵ راسپاردنی سەرۆكی حكومەت بۆ پێكهێنانی حكومەت، رێكارە قانونییەكانی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێی كورد لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ كەركوك دەستپێبكات.

 

 

 

س ب