هاتوچۆ داوا ده‌كات ئه‌م ئۆتۆمبیلانه‌ مه‌كرن

21/05/2019 - 13:36 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر ئاشكرای كردوه‌، چەند بازرگانێك بڕێكی زۆری ئۆتۆمبێلیان هێناوەتە كوردستان كە مۆدێلیان سەرووی ئەو مۆدێلانەیە كە بڕیارەكەی‌ وەزارەتی‌ ناوخۆ بۆ تۆماركردن دەیانگرێتەوە، داواش لە هاوڵاتیان دەكات پارەی‌ خۆیان لە كڕینی‌ ئەو ئۆتۆمبێلانە سەرف نەكەن.

فازل حاجی وته‌بێژی پۆلیسی هاتووچۆی هه‌ولێر روونكردنەوەیەكی له‌ لاپه‌ره‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆری كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یس بووك داناوه‌ ة تیادا هاتووه‌ ، بەپێی دوایین بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆماركردنی ئۆتۆمبێلی بێ‌ سەرەتا و بێ‌ تابلۆ تەنها ئەو مۆدێلانە دەگرێتەوە كە دەكەونە نیوان 1994-2010 واتا ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە مۆدیلیان لەسەروو 2010یە ئەو بریارە نایانگرێتەوە ئەگەر بێ‌ تابلۆ و بێ‌ سەرەتا بن.

هاتووچۆی هەولێر ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردوه‌، ئەگەر لە ئەوروپا و وڵاتانی دەوروبەرەوە هێنرابنە كوردستان یاخود ئۆتۆمبێلی ئەوروپی بن و لە دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستانەوە داخڵی هەرێم بوبن ئەوا تا مۆدێلی (2016)  تۆماردەكرێن بە مەرجێك پێش 2018/1/5 داخڵی هەرێمی كوردستان بووبن.

له‌ رونكردنه‌وه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌ ،  بەپێی زانیاری چەند بازرگانێك بڕێكی  زۆری ئۆتۆمبێلیان هێناوەتە كوردستان كە مۆدێلیان سەروی ئەو مۆدێلانەیە و بە هاوڵاتیانی دەفرۆشن و لە رێگایانەوە پارەیەكی زۆر كۆدەكەنەوو، بۆیە هاوڵاتیان ئاگادار دەكەینەوە كە پارەی خۆیان لە كڕینی ئەو ئۆتۆمبێلانە سەرف نەكەن كە ئەو بڕیاری تۆماركردنە نایانگرێتەوە.