شاندێكی لیژنەی كشتوكاڵ بۆ گەیاندنی داواكاریەكانی جوتیارانی هەرێم سەردانی بەغدا دەكەن

22/05/2019 - 13:57 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری پەرلەمانی كوردستان سەردانی بەغدای كرد بۆ پرسی شایستە داراییەكانی جوتیارانی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانتاریكی یەكگرتوش رایدەگەیەنیت مەبەست لەسەردانەكەیان بۆئەوەیە تاوەكو پەرلەمان فشار لەسەر وەزارەتی كشتوكاڵ و وەزارەتی بازرگانی عێراق بكات بۆ ئەوەی قەرزی جوتیارانی هەرێم بدەنەوە و بەشە گەنمی ئەمساڵی هەرێم زیاد بكەن.
.

د. ئیسماعیل سگێری ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی یەكگرتوو رایگەیاند: دوای ئەوەی لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ جوتیارانی هەرێم كۆبوویەوە، بۆ گەیاندنی داواكاریەكان سەردانی بەغدای كردووە و لەگەڵ بەرپرسان و دەزگا پەیوەندیدارەكان كۆدەبێتەوە.

د.ئیسماعیل سگێری ئەوەشی راگەیاند: لە بەغدا لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ د. بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كۆبوویە و پرسی كێشەكانی جوتیارانی هەرێم گفتوگۆی لەسەر كرا، بۆ ئەوەی پەرلەمان فشار لەسەر وەزارەتی كشتوكاڵ و وەزارەتی بازرگانی عێراق بكات بۆ ئەوەی قەرزی جوتیارانی هەرێم بدەنەوە و بەشە گەنمی ئەمساڵی هەرێم زیاد بكەن.

سگێری ئەوەشی راگەیاند: لەگەڵ لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی عێراقیش كۆدەبنەوە و دواتر سەردانی وەزیری كشتوكاڵی عێراق دەكەن، بەئومێدی گەیاندنی دەنگی جوتیارانی هەرێمی كوردستان بە بەرپرسانی بەغدا.


أ.س