شێوازێكی نوێ‌ بۆ دابەشكردنی مووچە پەیڕەو دەكات

22/05/2019 - 15:06 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
 

شێوازێكی نوێ‌ بۆ ئاسانكاری  بۆ خەرج كردنی مووچە لەلایەن بانكی ناوەندی و بانكەكانی عێراق دیكەوە پەیڕەو دەكرێت. ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا لە ساڵانی ڕابردوودا و تا مانگی نیسانی ئەمساڵیش مووچەی خانەنشینان لە عیراق دوو مانگ جارێك پێكەوە خەرج دەكرا، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستەی گشتی خانەنشینی عیراق ڕایگەیاند، كە ڕەزامەندی وەزارەتی دارایی وەرگیراوە بۆ خەرجكردنی مووچەی خانەنشینان بە شێوەی مانگانە.

ئەحمەد سەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق لە لێدوانێكی بۆ "سۆمەریە نیوز" ئاماژەی بەوەكردووە، بابەتی خەرج كردنی مووچە بەپێی خشتە و كاتێكی دیاریكراوە، جا ئەو سیستمە نیو مانگ یان هەفتانە یان مانگانە یان دوو مانگ جارێك یان 6 مانگییە، بەڵام حكومەتی عیراق بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو پشتی بەستووە بە دابەشكردنی مووچە بە شێوەی مانگانە، جگە لە خانەنشینان، كە دوو مانگ پێكەوە خەرج كراوە.

ڕاشیگەیاندووە، بەردەوام خانەنشینان لەكاتی چوونیان بۆ وەرگرتنی مووچەكانیان تووشی كێشە دەبوون ئەویش بەهۆی قەرەباڵغی بانكەكان، بەڵام ئێستا بانكی ناوەندی و وەزارەتی دارایی هەنگاو دەنێن بەرەو جێگیركردنی مووچەی خانەنشینان.

ئاشكراشی كردووە، كە لەڕێكەی ڤیزە كارتێكەوە بۆ خانەنشینان، خانەنشینان دەتوانن مووچەكانیان لە هەژمارە بانكیەكانیان بهێڵنەوە یان هەمووی وەربگرن یان بەشێكی وەربگرن.

ئەو پەرلەمانتارە ڕاشیگەیاندووە، لە ئێستادا بانكی ناوەندی و بانكەكانی دیكە كاردەكەن بۆ دانانی ڕێوشوێنێكی ئاسان بۆ وەرگرتنی مووچەی خانەنشینان بە شێوەی مانگانە و بەبێ‌ ئەوەی قەرەباڵغی دروست ببێت.