دەرماڵەیەك ده‌درێته‌وه‌ به‌م فەرمانبەرانه‌

22/05/2019 - 16:14 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

دوای ئه‌وه‌ی  وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێم دەرماڵەی ھاتووچۆی بەشێک لە فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی بڕی بەرپرسێکی کارگێڕیی بەڕێوەبەرایەتیەکە رایدەگەیەنێت، چاوەڕێی وەڵامی وەزارەتی دارایین بۆخەرجکردنەوەی دەرماڵەکە، دڵنیاییش لە خەرجکردنەوەی دەدات.

عەبدوڵڵا ئەحمەد یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی بۆکاروباری کارگێڕی و دارایی راگەیاند: تائێستا کێشەی لێبڕینی دەرماڵەی ھاتووچۆی کارمەندانی تەندروستی لەسلێمانی و دەوروبەری چارەسەر نەکراوەو چاوەڕێی وەڵامی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێم دەکەین.

وتیشی:"لەڕێگەی وەزارەتی تەندروستییەوە داوا لە وەزارەتی دارایی کراوە پێداچوونەوە بە بڕیاری لێبڕینی دەرماڵەی ھاتووچۆی کارمەندانی تەندروستی بکات و خەرجکردنی دەرماڵەکە دەستپێبکاتەوە، بەڵام تائێستا دارایی وەڵامی نەداوەتەوە".

بەوتەی ئەو بەرپرسەی تەندروستی سلێمانی كه‌ بۆ سایتی لێماندی دواوه‌ ، بڕینی ئەو دەرماڵەیە زوڵمە لەبەشێک لە کارمەندان، چونکە ناکرێت بەھۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلی تایبەت بەھاتووچۆی کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی دابینکراوە، بەڵام دەرماڵەی ھاتووچۆی کارمەندی قەزاکانی دەوروبەری سلێمانی و مەڵبەندەکان ببڕدرێت.

عەبدوڵڵا ئەحمەد دڵنیایی دەدات کە ئەو دەرماڵەیە بۆ ئەو کارمەندانە خەرجدەکرێتەوە، چونکە ھەست دەکرێت کە بەھەڵە بڕدراوەو لێکتێنەگەیشتن بۆ رێنماییەکە ھەیە.