حكومه‌تی عێراق ، هه‌رێم له‌م پاره‌یه‌ بێبه‌ش ده‌كات

23/05/2019 - 15:54 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئامادەكاری دەكات بۆ دانانی بودجەی تەواوكاری، پەرلەمانتارێكی كوردیش بەدووری دەزانێت بەغدا پشكی هەرێمی كوردستان لەو بودجەیە بنێرێت و ئاشكرای دەكات، هەرچەند نرخی نەوت زیاد بكات، پارەی زیاتر بۆ هەرێم رەوانە ناكرێت.
شیروان زرار، پەرلەمانتاری كوردو ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند: هەرچەندە ئێمە هەنگاو دەگرینەبەر بۆئەوەی بودجەی تەواوكاری بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت، بەڵام لەڕاستیدا هیچ بڕە پارەیەكی دیكە جگە لەموچەی فەرمانبەران، ڕەوانەی هەرێم ناكرێت.
ئەوەشی ئاشكرا كردوە، بودجەی تەواوكاری، هاوشێوەی بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەكان و بەگەڕخستنەوەی پرۆژەكانە، تا هەرێمی كوردستان نەوتەكەی ڕادەستی سۆمۆ نەكات، هیچ كام لەو بودجانەی بۆ نانێردرێت.
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی ئەوەشی بۆسایتی سلێمانی ئاشكرا كردوە، ڕاستە پێشتر لەیاسای بودجەدا نرخی بەرمیلێك نەوت بە 64 دۆلار خەمڵێندراوەو ئێستا نرخەكەی گەیشتۆتە سەرووی 70 دۆلار، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زیادبوونی داهاتی عیراق لەو بارەیەوە، هیچ كاریگەری لەسەر پشكی هەرێم نابێت و هیچ پارەیەكی زیادەش بۆ هەرێم نانێردرێت.