یەكێتی پەیامێكی توند بۆپارتی دەنێرێت و مامەڵە كردن لەگەڵ بارزانی رەت دەكەنەوە

01/06/2019 - 15:59 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی پەیامێكی توند ئاراستەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات و ڕایدەگەیەنێت، مامەڵە لەگەڵ بارزانی ناكەین، دووپاتی دەكاتەوە لەچەندین كۆبونەوەدا لەگەڵ عیراقیەكان لەبارەی پێشمەرگە، ئەوان هەر درۆ دەكەن بۆیە بڕوامان پێیان نییە.
مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان لەساڵیادی دامەزراندنی حزبەكەی داو لەسەر مەزاری جەلال تالەبانی سكرتێری كۆچكردوی یەكێتی، پەیامێكی لەبارەی كێشەكانی نێوان حزبەكەی و پارتی بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەگەڕانەوەی پێشمەرگەش بۆ كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان كرد.
سەنگاوی لەپەیامەكەیدا بۆ پارتی رایگەیاند : ئەگەر كەسێكی كوردو یەكێتیی لەكەركوك دانەنرێت بەپارێزگار، ئەوە ڕایدەگەیەنین كێشەكانی ئێمە چارەسەرنابێت، بەو واتایەی كێشەی ئێمە بەستراوەتەوە بەكەركوك و ناوچە داگیركراوەكانەوە.
ئەوەشی ئاشكرا كردوە، هەركاتێك پارتی بڕیاریدا لەگەڵ دروستبونی حكومەتی هەرێمدا پارێزگارێكی كوردو یەكێتیی دابنرێت، ئێمە ڕێكەوتوین لەسەر هەموو شتەكانی دیكە، ئەوكات هیچ كێشەیەك نامێنێت، بەڵام ئەگەر ئەوە نەبێت، ئێمەش وەكو ئێستا دەمێنینەوە.
سەبارەت بەمامەڵەی یەكێتیش لەگەڵ هەردوو بارزانی لەسەرۆكایەتی حكومەت و هەرێم، ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی رایگەیاند : نێچیرڤان بارزانی هەڵبژێردراوە، بەڵام ئێمە كە نەچوینە ناو پرۆسەی سیاسییەوە، بەدڵنیاییەوە لەگەڵ ئەویش مامەڵە ناكەین.
مەحمود سەنگاوی ئەوەشی بۆ تۆری هەواڵی سلێمانی ئاشكرا كردوە، بڕوام بەكۆبونەوەكانی عیراق لەگەڵ پێشمەرگە نییە، چونكە عیراقیەكان لەهەموو كۆبونەوەیەك كە لەگەڵ ئێمە دادەنیشن هەر درۆ دەكەن.