یەكێتی تاوتوێ سێ بژاردە دەكات ، یەكێكیان دوو ئیداریەیە

02/06/2019 - 13:02 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

لە دوای ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ، مەكتەبی سیاسی یەكێتیی تاووتوێی سێ بژاردە دەكات.

ماڵپەرێكی نزیك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاشكرای كردوە، وابڕیارە لەماوەی ئەمڕۆ یەكشەممەو سبَەی دووشەممە، مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆببێتەوەو تاووتوێی بژاردەكانی بەردەم ئەو حیزبە بكات، دەربارەی قۆناغەكانی داهاتووی مامەڵەڵەكردن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و پرسی بەشداریكردن لە حكومەت.

ئەوەشی ئاشكرا كردوە، ئەگەر لەگەڵ پارتی نەگەیشتنە رێككەوتن و یەكێتیش سوور بوو لەسەر دانانی پارێزگار ھاوتەریب لە گەڵ پێكھێنانی حكومەت، ئەوكات یەكێتیی كاندید بۆ پۆستەكانی كابینە پێشكەش ناكات و بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمانیش ناكات، وە مەكتەبی سیاسی تاووتوێی سێ بژاردە دەكات بەر لە مەراسیمی سوێندوخواردنی سەرۆكی هەرێم، یەكەم بژاردە ئەوەیە پۆستەكان بە بەتاڵی بەجێبھێلدرێت تا ئەوكاتەی كێشەیی پارێزگاری كەركوك چارەسەر دەكرێت، دووەم بژاردەش ئەوەیە یەكێتی ببێت بە ئۆپۆزسیۆن، بژاردەی سێیەم كە تارادەیەك قورسە یەكێتی كار بۆ دوو ئیدارەییەكی ئاشتیانە بكات، دوایی ڕاوێژی ناوخۆیی و ھەرێمی و نێودەوڵەتی.