یه‌كێتیش هێرشی راگه‌یاندنی راگرت

03/06/2019 - 15:46 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
دوای ئەوەی دوێنێ ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پەیامێكی ئاراستەی هەردوو حزب پارتی و یەكێتی كرد " كە داوای كردبوو شەری راگەیاندنی نێوانیان رابگرن " ئەمرۆ پارتی بەفەرمانی سەرۆكی حزبەكەی بریاریدا شەری راگەیاندن بەرامبەر یەكێتی رابگرێت و لە ئێستادا مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی ، دەزگانی راگەیاندنی رادەسپێرێت دووربكەونەوە لە وڵامدانەوەی ئەو هێرش و پەلامارە ناڕەوایەی كە كە دەكرێتە سەریان.
مەكتەبی سیاسی یەكێتی پەیامێكی بڵاو كردۆتەوە كەتیادا ئاشكرای كردوە ، وێڕایی پیرۆزبایی لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان، ئەم بارودۆخە هەستیارو مەترسیدارەی كوردستان و ناوچەكەی پێدا گوزەر دەكات، وادەخوازێت كە گەلی كوردستانیش ئامادەباشی تەواوی هەبێت بۆ سەرجەم ئەگەرەكان و رووداوە پێشبینی كراوەكان، پێویستە ل بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی نیشتمانیمان گیانی تەبایی و یەكڕیزی بپارێزین، نەك سەنگەر لەیەكتر گرتن و تەخوینكردنی یەكدی و فراوانكردنی دەلاقەی ناكۆییە سیاسییەكانی نێوانمان.
مەكتەبی سیاسی یەكێتی،داوا لە سەرجەم دەزگاكانی راگەیاندنی خۆی كردوە، هەرچی پێویستە بۆ پاراستنی ئەو یەكڕیزی و تەباییەی خەڵكی كوردستان، ئەنجامی بدەن و دووركەونەوە لە وەڵامدانەوەی هێرش و پەلاماری ناڕەوی چ لایەنێك كە بیەوێت ئاشتی كۆمەڵایەتی تێكبدات و شەڕی راگەیاندن بەرپرا بكات.