ئاگر لە گوندێكی خانەقین دەكەوێتەوەو زیانێكی زۆری لێدەكەوێتەوە

06/06/2019 - 19:19 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

لە گوندێكی سەر بە شارۆچكەی خانەقین، ئاگركەوتەوەو زیاتر لە چل تۆن گەنم و سی دۆنم زەوی و پوش و پاوان سوتان و بیرێكی ئیرتوازیش زیانی بەركەوت.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە گوندی قەرەیتاغی سەر بە شارەدێی قەرەتەپە لە سنوری خانەقین، بە هۆكارێكی نادیار ئاگركەوتەوەو زیانی زۆری بە جوتیارانی گوندەكە گەیاند.

بەهۆی كەوتنەوەی ئاگرەكەوە زیاتر لە چل تۆن گەنمی بەرهەمی ئەمساڵی جوتیارێك سوتاوەو بیرێكی ئیرتوازیش زیانی بەر كەوتووە، هەروەها زیاتر لە (30) دۆنم زەوی و پوش و پاوانیش ئاگری گرتووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان ئاگرەكە بەهۆی بەهێزییەوە گەیشتۆتە نێو گوندەكەو مەترسی خستۆتە سەر هاوڵاتیان و ژمارەیەك هاوڵاتی لەبەر مەترسی سوتانی ماڵەكانیان بەشێك لە كەلوپەلەكانیان لە گوندەكە دەركردووە.

دواتریش تیمەكانی ئاگركوژێنەوەی درەنگ گەیشتوونەتە ‌گوندەكەو هاوڵاتیان ڕۆڵی سەرەكیان بینیوە لە كوژاندنەوەی ئاگرەكەو كۆنترۆڵكردنی.