جارێكی تر یەكێتی و پارتی دەست بەگفتوگۆ دەكەنەوە

10/06/2019 - 16:42 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
ئەگەرچی تا ئێستا هەردوو حزب پارتی و یەكێتی دوو جار رێكەوتنیان واژوو كردووە سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم ، بەڵام تا ئێستا رێكەوتنەكەیان نەچۆتە بواری جێبەجێكردن و لەچەند رۆژی رابردوو گرژی لەنێوان ئەم دوو حزبە درووست بوو ، دواجار لەسەر داوای ئەمینداری گشتی یەكگرتوو شەری راگەیاندنی نێوانیان راگیرا و لە ئێستادا دەنگۆی ئەوەهەیە لە سبەینێ سێشەمەوە جارێكی تر دەست بەگفت و گۆ بكەنەوەو ئەندامێكی مەكتەبی سەركردایەتی یەكێتی،ئەمە پشت راست دەكاتەوەو ئاشكرای دەكات پارتی بەڵێنی داوە كێشەی پارێزگاری كەركوك چارەسەر بكرێت .
وەستا رەسوڵ ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی رایگەیاند: ئەو كێشانەی لەنێوان یەكێتی و پارتی لەسەر پرسی پارێزگاری كەركوك ھەیە چارەسەردەكرێت، یەكێتی داوای بەركەوتەی خۆی دەكات بەگوێرەی رێكەوتنەكانی نێوان ھەردوولایان.
ئەوەشی ئاشكرا كردوە ، پێشتر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەنگی بەسەرۆكی ھەرێم نەداوە مانای ئەوە نییە گرفتی لەگەڵ كەسایەتی نێچیرڤان بارزانیدا ھەبێت، بەڵكو ئێمە سوربوین لەسەر یەكلاكردنەوەی پرسی پارێزگاری كەركوك و چارەسەركردنی دۆخی ئەو شارە و تەئكیدمان لە بەركەوتەی یەكێتی كردۆتەوە بەگوێرەی رێكەوتنەكەی لەنێوان یەكێتی و پارتیدا ئەنجامدراوە.
لەهەمان كاتدا سیروان كوێخا نەجم ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی رایگەیاند: پارتی دیموكراتی كوردستان بەڵێنیداوە كێشەی پارێزگاری كەركوك چارەسەر بكرێت و گفتوگۆ و دانوستان لەسەر ئەو پرسە بكرێت.
ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی ئەوەشی بۆتۆری هەواڵی سلێمانی ئاشكرا كردوە، بەڵێندراوە لە( 11/6/2019) گفتوگۆ و دانوستان لەنێوان ھەردوولا بۆچارەسەركردنی كێشەی پارێزگاری كەركوك دەستپێبكات و ئەو كێشانەی لەسەر پرسی پارێزگاری كەركوك بووە چارەسەر بكرێت و ھەنگاوی جددی بۆبنرێت.