كارەبای ئەم شارە كەم دەكرێتەوە

10/06/2019 - 19:54 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی بە هاوڵاتیان كەمدەبێتەوە، بەهۆی كاركردن و چاككردنەوەی یەكێك لە محەویلەكان.

لە راگەیەندراوێكدا، بەڕێوەبەرایەتی كارەبای كەركوك ئاگاداری هاوڵاتیان دەكاتەوە كە كاتژمێرەكانی كوژاندنەوەی كارەبای نیشتمانی زیاتر دەبن.

هەروەها كارەبای كەركوك رونیكردۆتەوە بەهۆی چاككردنەوەی محەویلەیەكی (400) كەیڤی لەلایەن بەرێوەبەرایەتی تۆڕەكان و بۆ ماوەی چەند رۆژێك، پێدانی كارەبای نیشتمانی بە خەڵك كەمتردەبێتەوە.

كارەبای نیشتمانی لە كەركوك، پێشترو لە زستاندا لە شەوو رۆژێكدا بۆ تەنیا چوار كاتژمێر كەمیكرد، ئەوەش ناڕەزایی هاوڵاتیانی لێكەوتەوەو دواتر پێدانی كارەبا بۆ سەر‌وو (15) كاتژمێر زیادیكرد.

پارێزگای كەركوك خاوەنی شەش وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبایە بە توانای (650) مێگاوات، بەڵام بەهۆی پەیڕەوكردنی سیستەمی مەركەزی بۆ دابەشكردنی كارەبا لەلایەن بەغداوە، كەمتر لەو رێژەیە بەپارێزگای كەركوك دەدرێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە كارەبای كەركوك لە ساڵی رابردودا (672) مێگاوات بووەو ئەمساڵ زیادكردوە بۆ (759) مێگاوات، بەپێی ئامارێكی وەزارەتی كارەبای عێراق.

بەشێك لە كارەبای كەركوك، لەرێی وەبەرهێنەرێكی هەرێمی كوردستانەوەو بەپێی گرێبەستێك دابیندەكرێت، ئەوەش كێشەی تێكەوتووەو بەوتەی لێپرسراوانی پارێزگاكە كەمتر لەو بڕە رەوانە دەكرێت كە لەسەری رێككەوتون.

لە كەركوك و پارێزگاكانی تری عێراق، لە وەرزەكانی گەرماو سەرمادا، بە گشتی دۆخی كارەبا بەرەو خراپی دەڕوات، ئیدارەی شارەكانیش زیاد لە جارێك بەڵێنی چاككردنی دۆخەكە دەدەن بەبێ ئەوەی هیچ دەرەنجامێكی هەبێت.