هه‌وڵده‌درێت حكومه‌ت قه‌ره‌بووی زه‌ره‌رمه‌ندانی سوتانی ده‌غلودان بكاته‌وه‌

12/06/2019 - 15:33 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
به‌هۆی ئاگر كه‌وتنه‌وه‌ و زیان گه‌یاندن بەر دەغڵودانی جوتیارانی كورد هه‌وڵده‌درێت حكومه‌تی عێراقی قه‌ره‌بووی جوتیارانی زه‌ره‌رمه‌ند بكاته‌وه‌.
ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕاگەیاند، "وەک یەکێتی ھەڵمەتێکی کۆکردنەوەی واژۆمان دەستپێکردوە بۆئەوەی کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بکرێت بەقەرەبوکردنەوەی ئەو جوتیارانەی بەھۆی کەوتنەوەی ئاگر زیانیان بەرکەوتوەو دەغڵودانیان سوتاوە".

د.تەھا حەمەد ئەندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ساتی سلێمانی راگه‌یاندووه‌ "ھەموو ھەوڵێکمان خستۆتەڕوو، بۆئەوەی حکومەت بخەینە ژێرباری قەرەبوکردنەوەی جوتیاران و ھەرچ کارێکیشمان پێبکرێت لەو ڕوەوە درێغی ناکەین".
ئەو پەرلەمانتارە ئاشکراشیکرد، "دوای ئەوەی لەئەنجومەنی نوێنەران قەرەبوکردنەوەی جوتیاران دەبێتە بڕیار، حکومەت خۆی لیژنەی تایبەت پێکدەھێنێت و ئێمەش لەڕێگەی لیژنە پەرلەمانیەکانەوە ھاوکارو پشتیوان دەبین، بۆئەوەی بڕی زیانەکان بخەمڵێندرێت و قەرەبوی سەرجەم جوتیاران بەجوتیارانی ھەرێمیشەوە بکرێت".