یەكێتی ئەگەر لەگەڵ پارتی نەگەنە رێكەوتن هەمان سیناریۆی رابردوو دووباردەكەنەوە

16/06/2019 - 14:56 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ئەگەرچی تا ئێستا یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستی وەزیری دادی عێراقی رێكنەكەوتوون و بڕیارە هەفتەی داهاتوو پرسی یەكلاكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكانی كابینەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراقی ببرێتە ئەنجومەنی نوێنەران، لەئەگەر رێكنەكەوتنی هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەكەی هەرێم ، ئەوا یەكێتی بیر لە رێگا چارەیەكی تر دەكاتەوە و دەیەوێت هەمان سیناریۆی سەرۆكی كۆماری عێراق دووبارە بكاتەوە.

بەگوتەی ئەندامانی ئەنجومەن نوێنەرانی عێراق ، محەمەد حەلبوسی بڕیاریداوە بەهەرشێوەیەك بێت لە هەفتەی داهاتوودا پێویستە پۆستە بەتاڵەكانی كابینەكەی عەبدولمەهدی یەكلابكرێنەوە و ناكرێت چیتر لەوە زیاتر كابینەكە بە تەواو نەكراوی بمێنێتەوە.

پۆڵا سیروان تاڵەبانی، بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە بەغدا ڕایگەیاند: یەكێتی كێشەی نییە و دەمێكە كاندیدی بۆ ئەو پۆستە هەیە بەڵام پارتی ڕەزامەند نەبووە لەسەری، بۆیە ئیتر پێویستە پابەندی ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتی بێت و پشتگیری یەكێتی بكات بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، وەك یەكێتی سوورن لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە و لە پەرلەمانەوە ڕەزامەندی زۆرینەی لایەنە شیعە و سوننەكانیان بەدەستهێناوە بۆ پشتگیریكردن لە كاندیدی یەكێتی .

بەرپرسەكەی یەكێتی لە بەغدا ئەوەشی ئاشكرا كردوە، هیوادارن پارتی پابەندی ڕێككەوتنەكەی نێوانیان بێت، بە پێچەوانە لە پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران و بە پشتگیری فراكسیۆنەكانی دیكەی پەرلەمان پۆستەكە لە بەرژەوەندی خۆیان یەكلایی دەكەنەوە، وە یەكەمین كاندیدیان بۆ پۆستەكە (خالید شوانی) بووە و تائێستا بەفەرمی گۆڕانكاری تێدا نەكراوە و هەركات پێویستی كرد كۆتا كاندید دەدەنە سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق.

لەلایەن خۆیەوە ناسر یوسف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی رایگەیاند : حزبەكەی هێشتا لەسەر ئەو هەڵوێستەیە كە دەبێت كاندید وەزارەتی دادی عێراق كەسێكی بێلایەن بێت نەك بۆ بەرژەوەندی حزبێك دابنرێت،وە ئەگەر یەكێتی و پارتی نەتوانن كێشەكە چارەسەربكەن ئەوە ڕەنگە عادل عەبدولمەهدی خۆی یەكێك دیاری بكات بۆ پۆستەكە.

لەئەگەری دووبارەبوونەوەی سیناریۆی سەرۆك كۆمار پەرلەمانتارەكەی پارتی ئەوەشی بۆ ناس ئاشكرا كرد، نابێت یەكێتی ئەو هەڵەیە دووبارەبكاتەوە و هیوادارین ئەوە ڕوونەدات چونكە كارێكی خراپە.