بۆیەكلا كردنەوەی ناوی كاندیدەكانی یەكێتی كۆنابێتەوە

16/06/2019 - 16:35 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
وا بریارە بەم نزیكانە سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆپێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم ،سەردانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بكات بەمەبەستی یەكلا كردنەوەی ناوی كاندیدانی ئەو حزبە ، بەڵام بەرپرسێكی یەكێتی ئاشكرای دەكات، حزبەكەی بۆ یەكلاییكردنەوەی ناوی كاندیدەكانی كۆنابێتەوە.
سامان گەرمیانی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ڕایگەیاند: سەركردایەتی یەكێتی بۆ كۆبونەوە لەبارەی یەكلاكردنەوەی لیستی ناوی كاندیدەكانی لەكابینەی نوێی حكومەت، چاوەڕوانی دەستپێكردنی سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ لای یەكێتی دەكات، تاوەكو سەردانەكە نەكات و هەڵوێستی پارتی بەفیعلی نەبینین، ئەوا بەدڵنیاییەوە سەركردایەتی یەكێتیی بۆ یەكلاییكردنەوەی ناوی كاندیدەكانی كۆنابێتەوە.
ئەوەشی ئاشكرا كردوە، یەكێتی چاوەڕواندەكات پارتی بەنیەتێكی باشەوە لەبارەی بابەتی پارێزگاری كەركوك و وەزارەتی داد لەبەغدا، لەگەڵ یەكێتی كۆببێتەوە، چونكە یەكێتی سورە لەسەر یەك پاكێجی (هەرێم، كەركوك و بەغدا).
گەرمیانی ئەوەشی بۆتۆری هەواڵی سلێمانی ئاشكرا كردوە، ئەگەر پارتی لەبارەی پارێزگاری كەركوك و وەزارەتی داد لەگەڵ یەكێتی نەیەتە پێشەوە، بەدڵنیاییەوە قۆناغێكی نوێ دێتە پێشەوەو یەكێتی بەبێ یەكلاكردنەوەی ئەو دوو بابەتە ناچێتە حكومەتی داهاتوەوە.