دارایی عێراق باس لە ناردنی موچەی فەرمانبەران دەكات بۆساڵی داهاتوو ، ئاشكرای دەكات مەرجەكانی عێراق قورس دەبێت

23/06/2019 - 15:54 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
دوای ئەوەی لە یاسایی بودجەی عێراق هەرێمی كوردستان پابەند كرا بەرادەستكردنی (250) هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە بەكۆمپانیای سۆمۆ ، بەڵام تا ئێستا حكومەتی هەرێم پابەند نەبوەو لە ئێستادا ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕونكردنەوە لەبارەی جێگیركردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەیاسای ساڵی 2020 دەدات، وە هۆشداریش بەحكومەتی هەرێم دەدات كە مەرجی قورسی بۆ دادەنرێت لەلایەن بەغداوە.
د.حەنین قەدۆ ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند: كێشەمان لەگەڵ حكومەتی هەرێم هەیە، چونكە تائێستا پابەند نییە بەڕادەستكردنی داهاتی دەروازە سنورییەكان و گومرگ و (250) هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەكۆمپانیای سۆمۆ.
ئەوەشی ئاشكرا كردوە، بۆ ساڵی (2019) وەكو نیەتپاكییەك، بڕیارماندا كە چیتر موچەخۆرانی هەرێم تێكەڵی ململانێ سیاسییەكان نەكرێن و موچەیان بۆ بنێردرێت، لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم تائێستاش بەرمیلێك نەوتی ڕادەستی بەغدا نەكردوەو پابەندی بڕگەی (10)ی یاسای بودجە نەبوە، وە ناردنی موچەی فەرمانبەران لەمساڵدا (2019) ناوەستێت و بەردەوامدەبێت، بەڵام بۆ یاسای بودجەی (2020) مەرجی قورستر بۆ حكومەتی هەرێم دیاریدەكرێت.
لەبارەی ئەوەی ئەگەر حكومەتی هەرێم نەهاتە ژێرباری مەرج و داواكارییەكانی بەغداوە، ئەوە لەساڵی داهاتودا بڕیاری ڕاگرتنی ناردنی موچەی فەرمانبەران دەدەن، قەدۆ بەتۆری هەواڵی سلێمانی راگەیاند:پێموانییە جارێكی دیكە پەرلەمان بڕیاری بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات، چونكە موچەخۆرانی هەرێمیش موچەخۆری دەوڵەتی عیراقن و پێویستە مافەكانیان دەستەبەر بكرێت.