داعش لەنزیك حەمرین مەشقی سەربازی دەكات

07/05/2016 - 10:16 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

گروپە چەكدارەكانی داعش لەناوچە كوردستانییەكانی سنووری پارێزگای دیالە دەركەوتوونەتەوەو بەپێی وتەی بەرپرسانی ناوچەكەش لەنزیك دەریاچەی حەمرین فێرگەی سەربازیان داناوەو لەوێوە ناحیەی قەرەتەپە هاوەن باران دەكەن.
لەمبارەیەوە بەرپرسێكی یەكێتی رایگەیاندووە، چەند شەوێك لەمەوبەر داعش ناحیەی قەرەتەپەی هاوەن بارانكردووەو بەو هۆیەوە ژمارەیەك خێزان ماڵەكانیان چۆڵكردووە.
(موحەمەد عومەر) بەرپرسی یەكێتی لە قەرەتەپە بۆ دەنگی ئەمریكا راشیگەیاندووە، هەندێك ناوچە هەن لەنزیك دەریاچەی حەمرین ناوچەی سەختن و داعش رۆیشتۆتە ئەو ناوچانە، كە گومان دەكرێت فێرگەی سەربازی دانابێت و مەشق بەلایەنگرانی بكات.
چەند شەو لەمەوبەر داعش نزیكەی دە گولە هاوەنی ئاڕاستەی گەڕەكەكانی باشووری رۆژئاوای ناحیەی قەرەتەپە كرد كە دانیشتوانەكەی توركمانی شیعە مەزهەبن و بەو هۆیەوە ژمارەیەك خێزان ماڵ و حاڵیان بەجێهێشت.
لای خۆشیەوە عەقید (كاوە موحەمەد) فەرماندەی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكانی پارێزگای دیالە، ئاماژەی بەوەكرد گروپە چەكدارەكانی داعش لەناوچەكانی مەندەلی و باشوری خانەقین پەیدا بوونەتەوە، وتیشی، چەند شەو لەمەوبەر هێرشیانكردۆتە سەر رەبیەكانی سوپای عێراق و ژمارەیەك سەربازیان كوشتووە.

 

ئـ . كـ