دەنگۆیەك لەبارەی مۆبایل رەتكرایەوە

10/05/2016 - 11:22 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەكنەلۆژی

 

لەگەڵ ئەوەی تاكو ئێستا باس لەوەدەكرا كە تەلەفۆنی هەڵگیراو هۆكارێكە بۆ تووش بوون بەنەخۆشی شێرپەنجە، بەڵام دوایین لێكۆڵینەوە لەو بارەیەوە ئەو دەنگۆیەی رەتكردەوە.
لەنێو زانكۆی سیدنی لەئوسترالیا توێژینەوەیەك لەسەر كاریگەری مۆبایل و بەكارهێنەرانی ئەنجامدراوەو تێیدا تاقیكردنەوە لەسەر نزیكەی (20) هەزار حاڵەتی تووش بوون بەشێرپەنجە سازكراوە، بەتایبەتی لەنێوان ساڵانی (1987 – 2014).
لەتوێژینەوەكەی زانكۆی سیدنی دەركەوتووە، زۆرینەی ئەوانەی تووشی نەخۆشییەكانی شێرپەنجە هاتوون، تەمەنیان لەسەرووی (70) ساڵیەوە بووەو هیچ پەیوندییەكیان بەبەكارهێنەرانی مۆبایلەوە نییە، چونكە مۆبایل یان تەلەفۆنی هەڵگیراو لەساڵی (1982) ەوە كەوتۆتە بازار.
جێگەی باسكردنە تاكو ئێستا واباو بووە كە بەكارهێنەرانی مۆبایل تووشی شێرپەنجەی دەماغ دەبن، بەڵام ئەو لێكۆڵینەوەیە هیچ ئەنجامێكی ئەوتۆی بەدەستەوە نەداوە.

 

ئـ . كـ