HD چییە ؟؟

شەممە, 18 ئازار 2017 05:55

 

 

زۆر بەر گوێمان كەوتووە بەتایبەتی دوای ئەوەی كۆمپانیاكانی بواری كۆمپیوتەر دەستیان كرد بەدابینكردنی ئامێرو (سی دی) تایبەت كە توانای نمایشكردنی وێنەی خاوەن كوالێتی بەرزیان هەیە. 

تەكنۆلۆژیای (high definition) یاخود وێنەی خاوەن كوالێتی بەرز چییە ؟ وەك دەزانن بەرجەستەكردنی وێنەی جێگیرو وێنەی جووڵاو بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنی پشت دەبەستێت بە كۆمەڵێ خاڵ كە بە (پێكسڵ) ناسراوە.

تاكو چەند ژمارەی ئەو پێكسڵانە زیاتر بن ئەوا وێنەكە ڕوونترو كوالێتی بەرزتر دەردەكەوێت، هەركات ڕێژەی كوالێتی نمایشكردنی وێنەی جێگیر، یان وێنەی جووڵاو گەیشتە (1080 X 1920) پێكسڵ ئەوا بەو وێنەیە دەوترێت (Full HD) كەواتە هەر ناوەرۆكێكی (high definition) پێویستە ژمارەی هێڵە ستوونییەكان كە بەكاردێن بۆ نمایشكردنی وێنەكە (1080) هێڵ بێت، بەڵام هەندێ ناوەرۆكی دیجیتاڵ هەیە كە پێیدەوترێ وێنەی (HD) ی پلە دوو، كە كوالێتییەكەی بریتییە لە (1280 X 720) پێكسڵ كەواتە ژمارەی هێڵە ستوونییەكانی (720) هێڵە.

بەكارهێنانی تەكنۆلۆژیای (HD) بەشێوەیەكی بەرفراوان لەبواری پەخشی تەلەفزیۆنی و بەرهەمهێنانی فیلم بەكاردێت، بۆ كەڵك وەرگرتن لەو تەكنۆلۆژیایە پێویستە بەكارهێنەران ئامێرەكانی تایبەت بەو تەكنۆلۆژیایە دەستەبەربكەن وەك تەلەفزیۆنی ( HD) و سەتەلایت ڕیسیڤەری (HD) و كەیبڵی (HD) كە لە ڕێگەیانەوە دەتوانیت وێنەی ڕوون و كوالێتی بەرز ببینێت.

بۆ نموونە ئەگەر بمانەوێت گرتەیەكی ڤیدیۆیی (HD) لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن نمایش بكەین پێویستە كامێرایەكی (HD) بەكاربهێنین بۆ وێنەگرتنەكەو دواتر لە ڕێگەی كەیبڵێكی (HD) بیبەستینەوە بە تەلەفزیۆنێكی (HD)، لەكاتی نەبوونی هەر یەكێك لەو ئامرازانە ئەوا وێنەی ڕوون و كوالێتی بەرزمان دەستناكەوێت.

سەبارەت بە پەخشی كەناڵی (HD) دەكرێ بڵێین، كە تەلەفزیۆنی (HD) نوێترین داهێنانی پەخشی دیجیتاڵە، بۆ ئەو مەبەستەش ستاندەرێكی تایبەت بەو پەخشە لەلایەن دامەزراوەیەكەوە دانراوە كە بە دامەزراوەی (ITU-R) ناسراوە.

بەپێی ئەو ستاندەرە پێویستە ژمارەی ئەو هێڵە ستوونییانەی لە پرۆسەی سكانی پێشكەوتووی شاشەی تەلەفزیۆنەكە بەكاردێت (1080) هێڵی ستوونی بێت، وەك باسیشمان كرد هەندێك جار (720) هێڵ بەكاردێت بۆ وێنەی (HD) ی پلە دوو

تەلەفزیۆنی (HD) نێوان یەك ملیۆن تا دوو ملیۆن پێكسڵی هەیە لە فریمێكدا كە پێنج ئەوەندەی ژمارەی پێكسڵەكانی تەلەفزیۆنێكی ستاندەری ئاساییە، بۆ وەرگرتنی كەناڵی‌ ( HD) پێویستە سەتەلایت ڕیسیڤەرەكە لە جۆری (HD) بێت و ئەو ڕەبتەی بەكاردێت بەهەمان شێوە (HD) بێت.

تاكو ئێستا كەناڵە (HD) ییەكان تەنیا لە ئەمریكاو ئەوروپا نین، بەڵكو ئێستا پەرەیان سەندووەو ووڵاتانی ناوچەكەشی گرتۆتەوە بەهەرێمی كوردستانیشەوە.

 

ئـ . كـ