بۆ ئەوانەی (G.P.S) بەكاردەهێنن

دوو شەممە, 10 نیسان 2017 08:25

 

 

زانا بەریتانییەكان دەڵێن، سیستەمی (G.P.S) چەند بەشێكی مێشك لەكار دەخات و وا لە مرۆڤ دەكات توانای دۆزینەوەی شوێنەكان لە دەست بدات.

هەرچەندە زۆربەی كەسەكان ئێستا زۆر پشت بە تەكنەلۆژیا دەبەستن لەژیانی ڕۆژانەیاندا، بەڵام ئەوە نازانن ئەو كارە چەندە بە خراپ دەشكێتەوە بەسەریاندا.

بەپێی توێژینەوەیەكی نوێی زاناكانی زانكۆی لەندەن دەركەوتووە، پشتبەستن بە سیستمەكانی (G.P.S) لەسەر زەوی و لەدەریاوانی ‌و تەنانەت فرۆكەوانیشدا كاریگەری نێگەتیڤی هەیە لەسەر توانای خودی كەسەكان لە دۆزینەوەی ڕێگەو ئاڕاستەكان.

ئەو توێژەرەوانە ئاماژە بەوە دەكەن، ئەو كەسانەی زۆر پشت بەسیستەمی (G.P.S) دەبەستن كاریگەری لەسەر مێشكیان دەبێت و وا دەكات ئەو بەشەی مێشكیان لەكار بكەوێت كە بۆ بیركردنەوە لەشێوازی جێگرەوە بەكاری دەهێنن و بۆ باشتركردنی تواناییەكانی بۆ دەستنیشانكردنی ئاڕاستەكان پێویستە.

(هۆگۆ سبیرز) لە بەشی دەرونزانی ئەزمونی لە زانكۆی لەندەن لەم بارەیەوە وتی: كاتێك تەكنەلۆژیایەك هەبێت كە پێمان بڵێت كام ڕێگەیە بگرینە بەر، ئیدی ئەو بەشانەی مێشك كە پێشتر ئەو ئەركەیان هەبوو لەكار دەكەون گرنگی بەو ئاراستەیە نادات و خەزنی ناكات.

لەمەوە ئەو توێژەرەوانە ئاشكرایدەكەن : بەكارهێنانی (G.P.S) بە بەردەوامی وا دەكات بەكارهێنەران كەمتر توانای فێربوونیان هەبێت و نەتوانن بێ یارمەتی ئاراستەی شوێنەكان بدۆزنەوە‌و ئەم كاریگەرییە خراپەش لە مەودایەكی درێژ خایەندا دەردەكەوێت.

 

ئـ . كـ