ئەمریكا سزای سەر هواوی لادەدات

30/06/2019 - 08:40 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەكنەلۆژی

 

 

لە پەراوێزی لوتكەی جی 20 سەرۆكی ئەمریكا جەختی لەوەكردەوە كە ووڵاتەكەی باجی زیاتر ناسەپێنێت بەسەر بەرهەمی هاوردەكراوی چینیدا كە بری (300) ملیار دۆلار دێنەتە خاكی ئەمریكاوە، هەروەها ووتی لە ئێستادا بەردەوام دەبێت لە دانوستانەكانی لەگەڵ ئەو ووڵاتە.

دوێنێ‌ ترامپ و شی چینگ پینگ سەرۆكی چین لە لوتكەی جی 20 لە ژاپۆن ڕێككەوتوون لەسەر بەردەوامیدان بە گفتوگۆ بازرگانییەكانی نێوان وڵاتەكانیان كەبەهۆی ڕاگیرانی ئەو گفتوگۆیانە ئابووری جیهان بەرەو لاوازی چوو.

(دۆناڵد ترامپ) سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، رێگە بە كۆمپانیاكانی ئەمریكا دەدات دەستبكەنەوە بە فرۆشتنی بەرهەمەكانیان بە كۆمپانیای هواوی چینی كە لە ماوەی رابردوو ئەو مامەڵەیە قەدەغەكرابوو.

لە رابردووشدا ترامپ هۆشداریدابوو لە سەپاندنی سزای بازرگانی دیكە بەسەر چیندا، پێشتر واشنتۆن كۆمپانیای هواوی تۆمەتبار كردبوو بەوەی لەلایەن حكومەتی چینەوە بۆ سیخوریكردن بەكاردەهێنێت، هەر بۆیە سەرۆكی ئەمریكا بریاریدابوو كاروباری كۆمپانیای ئەلیكترۆنی هواوی لە ئەمریكا قەدەغە بكات و ناوی ئەو كۆمپانیایە خرایە لیستی رەشەوە، لەئێستادا ئەمریكا سزاكانی سەر هواوی لابردو ڕێگە دەدات كۆمپانیا ئەمریكییەكان كاڵاو كەرەستە بە كۆمپانیا چینییەكە بفرۆشن.