ركابه‌ری فه‌یس بووك راگه‌یه‌نرا

07/11/2019 - 11:00 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەكنەلۆژی

بە مەبەستی پێشبڕكێ كردن لەگەڵ ئەپڵیكەیشنە كۆمەڵایەتیەكانی دیكەدا وەك فەیسبووك و تیكتۆك و ئەپلیكەیشنەكانی دیكە، دوێنێ ئەپلیكەیشنێكی تازە راگەیەنرا كە پێی دەگوترێت ( فرێندید ).

ئەم ئەپڵیكەیشنە تازەیە ستراتیجێكی جیاواز بەكاردەهێنێت بۆ پەیوەندی ئەلیكترۆنی، لێپرسراوانی كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكەی ئەم ئەپڵیكەیشنە دەڵێن: بەكارهێنەری ئەپلیكەیشنی فرێندید دەتوانێت هەست و باوەڕی خۆی بە هاوڕێكانی رابگەیەنێت و ئەوانیش وەڵامی بدەنەوە بە شێوەیەكی تایبەت كە بیرو بۆچوون و ئامۆژگاری و بیرو رای خۆیانی تێدا ڕوون بكەنەوە.

هەر وەک ئەپڵیكەیشنەكانی دیكە هەموو بەشدارێك دەتوانێت كۆمێنت لەسەر بڵاوكراوەكان بدات و خاوەنی بابەتەكەش رای خۆی لەسەر كۆمێنتەكان دەرببڕێت، بەڵام جیاوازی لەوەدایە لە كاتی وەڵامدانەوەی بڵاوكراوەكەدا ئیتر گفتوگۆكە دەبێت بە تایبەت و بێجگە لە خاوەن كۆمێنت و خاوەن بابەتەكە كەسی دیكە ناتوانێت بیبینێت.

داهێنەرانی ئەم ئەپڵیكەیشنە دەڵێن: ئامانج لەم ئەپڵیكەیشنە ئەوەیە كە مرۆڤ لە كاتی ناڕەحەتی و لاوازیدا بتوانن دەرفەتێك بدۆزنەوە و هەست بە تەنیایی نەكەن، بۆیە دروشمەكەشیان دەڵێت : ( لەمەولا نابێت كەس هەست بە تەنیایی بكات ).

خاوەنی كۆمپانیاكە دەڵێت: مرۆڤی ئێستا لە جاران زیاتر هەست بە تەنیایی دەكات و بەشێك لە بەرپرسیاریەتیەكە لە ئەستۆی تۆڕە كۆمەڵایەیتیەكانە كە دەرفەت نادات مرۆڤ بە راشكاوی هەست و كێشەكانی خۆی دەرببڕێت.