هۆشدارییه‌كی توند بۆ به‌كارهێنه‌رانی ویندۆوز 7

14/01/2020 - 09:33 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەكنەلۆژی

كۆمپانیای مایكرۆسۆفت راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا ئاگاداری به‌كارهێنه‌رانی ویندۆوز 7 ده‌كات كه‌ چیتر كۆمپانیاكه‌ سه‌پۆرتی ئه‌و جۆره‌ ویندۆیه‌ ناكات و له‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌)ه‌وه‌ ئه‌بده‌یتكردنه‌وه‌ی بێبه‌رامبه‌ری ئه‌و ویندۆیه‌ فه‌راهه‌م ناكات.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی مایكرۆسۆفت، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ تائیستاش ویندۆوز 7 به‌كارده‌هێنن كۆمپیوته‌ره‌كه‌یان له‌ مه‌ترسیدایه‌ و بۆ له‌مه‌ولا رووبه‌ڕووی ڤایرۆس و هاككردن ده‌بنه‌وه‌.

به‌كارهێنه‌رانی ویندۆوز 7 بۆ فه‌راهه‌مكردنی پارێزگاری بۆ كۆمپیوته‌ره‌كانیان پێویستیان به‌وه‌ هه‌یه‌ ویندۆی كۆمپیوته‌ره‌كه‌یان بۆ ویندۆوز 10 به‌رزبكه‌نه‌وه‌ و پێده‌چێت له‌م دۆخه‌شدا پێویستیان به‌ كڕینی كۆمپیوته‌ری دیكه‌ بێت به‌وپێیه‌ی ره‌نگه‌ كۆمپیوته‌ره‌ كۆنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ سیستمی ئیشپێكردنی ویندۆوز 10 یه‌كنه‌گرێته‌وه‌.

كه‌وتنه‌كاری ویندۆوز 7 بۆ ساڵی 2009 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و به‌كارهێنانی ویندۆی 8-یش كه‌ ساڵی 2012 كه‌وته‌ كار هه‌تا ساڵی 2023 فه‌راهه‌م ده‌بێت.