گوگڵ ركابەری ئایفۆن دەكات

سێ شەممە, 14 تشرینی دووەم 2017 05:55

 

 

گوگڵ دوو جۆری نوێی مۆبایلی پێكسل دەخاتە بازاڕەوە، كە پێشبینی دەكرێت ببێتە ركابەری سەرەكی ئایفۆن، ئەگەر لە داهاتوودا یەكێك لەو مۆبایلانەت كڕی، ئەو تایبەتمەندییانەی خوارەوە بخوێنەوە.

گوگڵ دوو مۆدێلی پێكسل دەخاتە بازاڕەوە، ئەوانیش پێكسل (2) و پیكسل ئێكس ئێلە، قەبارەی شاشەی پێكسل (2)، دەگاتە (5) ئینج و پێكسل ئێكس ئێل (6) ئینجە، لە بەرامبەردا شاشەی ئایفۆن ئێكس (5.8) ئینجە.

پێكسل و ئایفۆن ئێكس، كامێراكانییان (12) مێگا پێكسلەو توانایەكی زیاتریان هەیە بۆ گرتنی وێنەی پۆرترێت.

كامێرای سێلفی لە مۆبایلەكانی پێكسل، دەگاتە (8) مێگا پێكسل، بەڵام لە ئایفۆن ئێكس تەنها (7) مێگا پێكسلە.

ئایفۆن ئێكس، لە میمۆری بە پێش پێكسلی گوگڵ دەكەوێت، قەبارەكەی دەگاتە (256) گێگا بایت، بەڵام هەردوو مۆدێلەكەی پێكسل، گەورەترینیان دەگاتە (128) گێگا بایت.

لە رووی پرۆسێسەرەوە، پێكسل هەمان پرۆسێسەری گالاكسی (8) بەكاردێنێت، كە كوالكۆم سناپ دراگۆن (835) ە، بەڵام ئایفۆن ئێكس پرۆسێسەری ئەپڵ ئی (11) یە.

لە رووی نرخەوە، ئایفۆن ئێكس گرانترەو لە (999) دۆلار دەستپێدەكات، مۆبایلەكانی گوگڵ پێكسل (2) لە (649) دۆلارو پێكسل ئێكس ئێل لە (849) دۆلار دەستپێدەكات.

 

كوردستانی نوێ‌

 

ئـ . كـ