ساڵی 2017 هەڵسانەوەی مۆبایلی نۆكیا بوو

پێنج شەممە, 28 کانونی یەکەم 2017 07:23

 

 

هەركاتێك گوێمان لە ناوی نۆكیا دەبێت، مۆبایلە بەهێزو كوالێتی بەرزەكانی ساڵانی رابردوومان بەبیردێتەوە.

نۆكیا ئەو براندەیە كە ماوەی ساڵانێكی زۆر لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای پەیوەندی مۆبایلەوە پێشەنگی ئامێرەكانی جیهانی گرتبوو بەجۆرێك لە رێژەی (%70) بەكارهێنەرانی سەرتاسەی جیهان بەرهەمەكانی نۆكیایان بەكاردەهێنا.

بەڵام نۆكیا نەیتوانی لەگەڵ پێشكەوتنە خێراكانی مۆبایلە هۆشمەندەكان بەردەوام بێت و بۆیەوە لەماوەی چەند ساڵێكی كەم شكستێكی گەورەی هێناو كەوتە دواوەی زۆرینەی كۆمپانیاكان.

لەساڵی (2016) كۆمپانیایەكی فینلەندی بەناوی (HMD GLOBAL) دووبارە نۆكیای گەڕاندەوە بۆ وڵاتی دایك و لە مایكڕۆسۆفتی كڕیەوە.

لە كۆتاییەكانی (2016) دوو مۆبایلی كلاسیكی نۆكیا خرایە بازاڕەكانەوەو بەرێژەیەكی بەرچاو پێشوازی لێكرا فرۆشێكی زۆری هەبوو، ئەمەش ئەوەی دەرخست كە نۆكیا لە دڵی خەڵك ماوەتەوەو هەمیشە دەرفەتی گەڕانەوەی هەیە.

نۆكیا بڕیاریدا بگەڕێتەوە بازاڕەكانەوە بە مۆبایلی هۆشمەندی تایبەتمەندی بەرزو سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید كێبركێی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی وەك ئەپڵ و سامسۆنگ و هواوی بكات.

ساڵی (2017) هەریەكە لە مۆبایلەكانی نۆكیا (3 – 6 – 5) بڵاوكرایەوەو هەر لەسەرەتای بڵاوكردنەوەی لە هەندێك وڵاتدا داواكاری زۆری لەسەربوو بەجۆرێك تەنها لە وڵاتی چین لە خولەكی سەرەتایی بڵاوكردنەوەیدا، زیاتر لە ملیۆنێك كەس ناویان تۆماركرد بۆ كڕینی نۆكیای (6).

لەهەمان كاتدا، نۆكیا لە بەرهەمی (3310) ی كلاسیك بە دیزاینی نوێ توانی فرۆشێكی یەكجار زۆری هەبێت بەجۆرێك كە بەرپرسانی نۆكیا رایانگەیاندووە دەیان ملیۆن لەم ئامێرە لە چارەگی كۆتایی (2017) فرۆشراوە.

هەرچەندە تاكو ئێستا نۆكیا رێژەی فرۆش و قازانجی (2017) ی بەرهەمەكانی بە فەرمی بڵاونەكردۆتەوە، بەڵام چەند سەرچاوەیەك كە زانیاری نافەرمیان لە كۆمپانیەكەوە دزە پێكردووە رایانگەیاندووە بڕیار وایە لەسەرەتای (2018) داتای (2017) بڵاو دەكرێتەوەو ئەنجامەكەشی زۆر سەرنج راكێش دەبێت.

زۆربەی ناوەندە تەكنەلۆژیەكان و سەنتەرەكانی لێكۆڵینەوە ساڵی (2017) بە بەختی نۆكیا ناو دەبەن و پێیان وایە دیارترین باس و رووداوی تەكنەلۆژیا لە (2017) بریتی بوو لە هەستانەوەی نۆكیا بە رێژەیەكی بەرچاو و سەركەوتنە یەك لە دوای یەكەكانی.

سەچاوە/ تێكا ئای

 

ئـ . كـ