كامێرای زیرەكی گوگڵ كەوتە بازاڕ

چوار شەممە, 31 کانونی دووەم 2018 06:16

 

 

كۆمپانیای گوگڵ بە فەرمی كامێرایەكی زیرەكی كە ناوی لێ نراوە (گوگڵ كلیپس) خستە بازاڕەوە.

گوگڵ كلیپس نرخەكەی (249) دۆلارەو ئەگەر بتەوێت ئەم كامێرایە بكڕیت ئەوا لە نێوان (2/27) بۆ (3/5) بەدەستت دەگات.

كامێرا زیرەكە لە ئێستادا داواكاری زۆری كڕیارانی لەسەرە بۆیە هەر كەسێك مەبەستی كڕینی هەبێت تا ئەو رێكەوتە دیاریكراوە بەدەستی دەگات.

(گوگڵ كلیپس) لە ڕووی دیزاینەوە زۆر سادەیە، بەڵام بە شێوەیەكی زۆر زیرەك و پێشكەوتوو دروستكراوە، كامێراكەی خاوەنی (12) ئێم پیەو دەتوانیت بیخەیتە هەر شوێنێك ڕەسمی تەواوی چواردەوری خۆی دەگرێت و كوالێتی ڕووناكی و هەست بە جموجۆڵ دەكات لە كاتی وێنەگرتندا.

كامێرای كلیپس (130) پلەی ڕوانینی هەیەو دەتوانێت لە چركەیەكدا (15) وێنە بگرێت و هەروەها ئەمباری ناوخۆی (16) گێگا بایتەو ئەو ڤیدیۆیانەی دەیگرێت دەتوانێ بە هەموو كوالێتیەك بتەوێت بیخەیتە سەر كۆمپیوتەرەكەو دوای ماوەیەك كە دەتناسێت بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی ئەو شتەی ئارەزووت لێیەتی خۆی وێنەی دەگرێت.

ڤیدیۆكان و وێنەكانی كە دەیگرێت بە (گوگڵ كلیپس) پێویست بە ئینتەرنێت ناكات یەكسەر دەگوازرێتەوە بۆ ناو مۆبایل لە ڕێگەی بەرنامەیەكی تەلەفۆنەوە.


سیروان عەزیز

 

ئـ . كـ