لەسەر تەختە رەش وانەی كۆمپیوتەر دەڵێتەوە

سێ شەممە, 13 ئازار 2018 06:29

 

 

مامۆستایەكی وانەی كۆمپیوتەر لە وڵاتی غانا بەشێوەیەك وێنەی بەرنامەی مایكرۆسۆفتی كێشاوەو وانەكە دەڵێتەوە، كە بۆتە جێگەی سەرنجی ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی بەجۆرێك كۆمپانیای مایكرۆسۆفت بڕیاریدا كۆمپیوتەر بۆ ئەو ناوچەیە دابین بكات.

(ڕیچارد ئابیا ئۆكۆتۆ) كە ناسراوە بە (ئوورا كوادوو) مامۆستای وانەی كۆمپیوتەرە لە خوێندنگەیەكی غانا، لە ڕێگەی تەختەڕەشی خوێندنگەكەیەوە وێنەی بەرنامەی (Microsoft Word) ی كێشاوە، تا لەو ڕێگەیەوە قوتابیەكانی فێری ئەو بەرنامەیە بن.

مامۆستاكە بەجۆرێك وێنەی ئەو بەرنامەی كێشاوە كە قوتابیەكانی بەئاسانی لێی تێبگەن، چونكە لەو ناوچەیەدا كۆمپیوتەر زۆر كەمە، ئەم شێوازی وانەوتنەوەی مامۆستایە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بە خێرایی بڵاوبوویەوەو بەجۆرێك كۆمپانیای مایكرۆسۆفت بڕیاریدا كۆمپیوتەرێكی زۆر بۆ خوێندنگەكانی ئەو ناوچەیە دابین بكات.

مامۆستاكە لە ئەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیویەتی، وتنەوەی وانەی تایبەت بە بابەتەكانی تەكنەلۆجیاو گەیاندن لە خوێندنگەكانی غانا پێكەنیناوییە، چونكە لەڕێگەی تەختەڕەشەوە خوێندكارەكان فێردەكرێن.

هەروەها دەشڵێت، خوێندكارەكانم خۆشدەوێت، بۆیە هەوڵدەدەم بەجۆرێك وانەكەیان پێبڵێم تاوەكو ئاسانتر تێبگەن.

ئۆكۆتۆ ئاماژە بەوەش دەكات، كە ئەمە یەكەمجار نییە ئاوا وێنەی بەرنامە كۆمپیوتەرییەكان دەكێشێت، بەڵكو بۆ هەر وانەیەكی كۆمپیوتەر هەمان وێنە دەكێشمەوە.

سەرچاوە /تێك ئای

 

ئـ . كـ