مەترسییەكانی مۆبایل بزانن !!

سێ شەممە, 02 تشرینی یەکەم 2018 06:23

 

 

لەو كاتەوەی لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە تەلەفۆنی مۆبایل هاتە ژیانی مرۆڤەكانەوە، ترسی زیانەكانی ئەو ئامێرەش لەسەر تەندروستی مرۆڤ هاتە ئاراوە، ئەو مەترسییانە چین و دەرەنجامە نەرێنییەكانی ئەو تیشكەی لەو تەلەفۆنانەوە دەردەچن چییە لەسەر مێشكی مرۆڤ.

زۆرجار لە بارەی كاریگەری تەلەفۆنە ژیرەكان لەسەر تەندروستی مرۆڤ مشتومڕ دێتە ئاراوەو هۆشداری دەدرێت و زۆر بەكارهێنانی مۆبایل دەبەسترێتەوە بە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە‌و تێكچوونی مێشكەوە، هەرچەندە هیچ بەڵگەیەكی ئەوتۆ نییە بە تەواوی ئەو مەترسییانە بسەلمێنێت، بەڵام ئەوەش مانای ئەوە نییە زۆر بەكارهێنانی تەلەفۆنی هۆشمەند بەتەواوی سەلامەت بێت.

زۆربەی هۆشدارییەكانیش لەسەر ئەو تیشكە چڕ بۆتەوە كە لە تەلەفۆنە هۆشمەندەكانەوە دەردەچێت، بە شێوەیەك ئەو تەلەفۆنانە وزەیەكی شەپۆڵی ڕادیۆیی دەردەكەن كە لەلایەن شانەكانی لەشەوە هەڵدەمژرێت، لە كۆندا، دروست بوونی هەندێك لووی مێشك دەبەسترایەوە بە زۆر بەكارهێنانی مۆبایلەوە، بەڵام بەپێی بۆچوونەكانی (مارتن روسلی) سەرۆكی یەكەی ژینگەیی و چارەسەری ژینگەیی لە پەیمانگای سویسرا بۆ تەندروستی گشتی، ئەو تیشكەی لەمۆبایلەوە دەردەچێت جێگەی نیگەرانی نییە.

ئەو دەڵێت، ئەو تیشكەی لەمۆبایلەوە دەردەچێت تیشكدانەوەیەكی شەپۆڵی زۆر نزمەو هاوشێوەی ئەو ئاماژەو تیشكدانەوەیەیە كە لەڕادیۆو تەلەفزیۆنەكانەوە پێمان دەگات و زۆر مەحاڵە هیچ زیانێكی ڕاستەوخۆی هەبێت، سەبارەت بە پەیوەندی ئەو جۆرە تیشكدانانەوەو شێرپەنجەش، هیچ ئاماژەیەكی ئەوتۆ نییە.

ڕاسلی وتی، زۆربەی جار توێژینەوە لێرەو لەوێ دەكرێت و پشت بە توشبووانی شێرپەنجە دەبەسترێت، ئەوانیش باس لەوە دەكەن كە بەهۆی ئەوەی لە ڕادەبەدەر مۆبایلیان بەكارهێناوە بۆیە تووشی گرێی شێرپەنجەیی مێشك بوون.

ڕاسلی بۆ ئەوە دەڵێت، لەم دوو دەیەیەدا هیچ زیادبوونێكمان نەدیوە لە تێكڕای توشبوون بە شێرپەنجە بە تایبەت هۆكارەكەی تەنها بەكارهێنانی مۆبایل بووبێت، بەڵام ئەوەش مانای ئەوە نییە كە زۆر بەكارهێنانی ئەو ئامێرە مەترسی نەبێت و كاریگەری ئەرێنی نەبێت.

بەپێی توێژینەوەكانی دوو دەیەی لەمەوبەر ئەوە سەلـمێنراوە كە زۆر بەكارهێنانی مۆبایل دەبێتە هۆی گۆڕینی ئاماژە كارەباییەكانی مێشك، هەروەها توێژینەوەیەكی نوێش كە لەپەیمانگەی (پەیمانگەی سویسرا بۆ تەندروستی گشتی) كراوە دەركەوتووە كە پەیوەندییەك هەیە لە نێوان زۆر بەكارهێنانی تەلەفۆنی مۆبایل و كاریگەری نەرێنی لەسەر یادگەی گەنجان.

بۆ ئەمەش توێژەرەكان زانیاری وردیان لەسەر (700) تازە پێگەیشتووی سویسرا وەرگرتووە كە تەمەنیان لە نێوان (12 – 17) ساڵدایەو بۆ ماوەی ساڵێك چاودێرییان كردوون، بە مەبەستی گەیشتن بە ئەنجامێك سەبارەت بە كاریگەری زۆر بەكارهێنانی تەلەفۆنی مۆبایل لەسەر لەش و دەروون ساغیان.

بەپێی بابەتێكی رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌، دواتر ئەنجامەكانی ئەو توێژینەوەیە بە بەڵگەوە دەریخستووە ئەو تیشكەی لە مۆبایلەوە دەردەچێت كاریگەری زۆری هەیە لەسەر نیوەی لای ڕاستی مێشك، كە یادگەی وێنەیی مرۆڤ لەوێدایە، بە تایبەت ئەوانەی زۆرتر تەلەفۆنەكانیان دەنێن بەگوێی ڕاستیانەوە لەكاتی قسەكردندا، بەڵام نامە ناردن و كردنەوەی لاپەڕەكانی ئینتەرنێت لەسەر تەلەفۆنی هۆشمەند ئەو كاریگەرییە خراپەی نییە.

 

 

 

ئـ .كـ