ئازادی یان چاكسازی كامیان پێویستی هەنووكەیین؟


ئێمە چانسمان بەو شێوەیە،كەوتوینە نێوان ئەم دوو بژاردە گرنگە كە زالكردنی یەكێكیان بەسەر ئەوی تردا ئەوا ستەمێكی گەورەیە وسەرەنجام ئەم هەرێمە بەرەو نەهامەتیەكی تاریك دەبات ، بەڵام لەم ڕۆژگارەی ئێستادا بۆ ئێمەی كورد ئەوە بۆتە بەشمان كە دەبێت یەكێكیان هەڵبژێرین ئەگەر بۆ ماوەیەكی كاتیش بێت ئەگەر سەیری لایەنە سیاسیەكانیش بكەین ئەگەرچی لەبیروبۆچوندا هەموویان خوازیاری بەیەكەوە بوونی هەردووكیانن بەلام لەسەرزەمینی واقیع دابەش بوون دروست بووە،بەشێك داوای ئەوەیە كە پرسی ئازادی كورد وسەربەخۆیی بخرێتە پێش هەموو بژاردەكانی ترووچاوپۆشی لەزۆر شت بكرێت بۆئەوەی سەرەنجام نەبێتە هۆی دواكەوتنی پرسی ئازادی كوردستانی عیراق وبۆی هەیە ئەم داخوازیە بەئاشكرا كەس بانگەشەی بۆ نەكات بەڵام لەسەرزەمینی واقیع وبەپێی خوێندنەوەكان ئەوەمان دێتەبەر دیدە.وبۆچوونی دوومیش داوای ئەوە دەكات بەر لە هەنگاو نان بۆ سەربەخۆیی پێویستە چاكسازی وپاكسازی ناوخۆیی بكرێت بۆئەوەی لەكۆتاییدا پەنجەی پەشیمانی نەگەزین وەكو لە هەندێ وڵات ڕویداوە.
بێگوومان ئەزموونی ئیدارەی سەربەخۆی هەرێم لەماوەی زیاتر لە 25 ساڵ ئەوەمان پێ دەڵێت كەوا هەڵەی گەورە ئەنجام دراوەو سەرەنجام بەم بارودۆخەی ئێستا گەیشتووین كە پرسی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانی عیراق لەحكومەتی ناوەندی عیراق بۆتە خەون وخولیای هەموو كوردێك چونكە هەموو ڕێگاكان بۆ مانەوە لەگەل عیراقی بەناو فیدرال تاقی كراونەتەوە بەلام سەرەنجام ئەوەیە كە ئێستا پێی گەیشتووین كە لەدوا ڕووداودا پەرلەمانتارانی كورد كەوتنە بەر هێرشی خۆپیشاندەرە توڕەكانی عەرەب لە بەغداو خەریك بوو هەندێكیان بكوژرێن .ئێستا بەغدا خاوەنی خۆی نیە وناتوانێت پەرەلەمان وحكومەتی خۆی بپارێزێت چ جای ئەوەی بتوانێت لەئاست ئازادی وسەربەخۆیی هەرێم هەلوێستی هەبێت.ئیتر ماوەتەوە ئەوەش بلێین كە ئەگەر كورد نەیتوانی لەبەر هەندێ هۆكاری ناوخۆیی ودەرەكی لەسالی 2003 دوای ڕووخانی رژێمی بەعس ونەمانی سوپاوحكومەتی عیراق سەربەخۆیی خۆی ڕابگەیەنێت ئەوا ئێستا كاتەكە لەوساش لەبارترە بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوە مێژوویە بهاوێت .ئەگەرچی دەبینین ناومالی كورد زۆر لەوكات پەرەتەوازە ترە، ئەگەر ئەوكات هەبونی كەلێنێكی گەورە لەنێوان یەكێتی وپارتی واتە سلێمانی وهەولێر نەیهێتشت بێت كورد بەهێز بێت ئەوا دیسان هەمان مەترسی هەیە كە ناكۆكی نێوان پارتی وگۆڕان لەلایەك ودروست بوونی دوو بەرەی جیاواز لەلایەكی تر كە یەكێكیان خولیای چاكسازیەتی وەك هەنگاوی یەكەم ئەوەی تریش خولیای سەربەخۆیەتی وەكو هەنگاوی یەكەم.
هەردوو بەرە یان بۆچوون ئەگەر بەویژدانەوە حوكمیان لەسەر بدەین ئەوا فیفتی بە فیفتی راستیەكان لەنێوانیاندا دابەش بووە بۆیە خەلكی كوردستانیش بەم شێوەیە دابەش بووە ، هەر ئەوەشە وایكردووە كە خەلكی لە مافی خۆیان چاوپۆشی بكەن لەنەبوونی مووچەو كەمی خزمەتگوزاریەكان كەچی لەبەغدا سەرەڕای بوونی مووچە بەڵام خۆپیشاندان گوێچكەی دەسەڵاتیان تەنیوە.لەبەرئەوەیە خەلكی هەست بەوە دەكەن كەوا دوو مەترسی زۆر گەورە ڕووی لەم هەرێمە كردووە كە یەكێكیان شەردژی داعش وئەوەی تریش مەترسی حكومەتی عیراقیە كە لەهەر كاتێكدا بۆی بڕەخسێت ئەوا كەمتەرخەمی ناكەن لە شكاندنی شكۆی ئەم هەرێمە وخستنە ژێر پێی خۆیان وگەڕانەوەی دەسەڵاتی تاكڕەوی بۆ عیراق.گشت لایەنە سیاسیەكانیش لەبەر ئەم دوو خاڵە پەنایان بردۆتە بەر كەمترین هەڵوێستی توندوتیژبۆ دژایەتی كردنی ئەوەی تر،وەكو بینیمان پارتی ووتی ئەوەی بەرامبەر سەرۆكی پەرلەمان ووەزیرەكانی گۆڕان كراوە ئەوە( اهون الشرین )بووە.بەهەمان شێوە گۆڕانیش كە دەیتوانی هەڵوێستی توندتر بنوێنێ بەڵام ئەمیش وا دیارە نەرمی نواندووە وئەوەی بەغداش ڕەنگدانەوەی بووە.كەواتە ئێستا كورد لە هەرێمی كوردستان لەنێوان دوو بژاردەیەی گرنگ دایە كە یان ئەوەتا پرسی سەربەخۆیی دوا بخات وخەریكی چاكسازی ناوخۆیی بێت كە پرۆسەیەكی دوروو درێژە یانیش پرسی سەربەخۆیی بكاتە ئامانجی بەرایی وئەوەی تر بۆدواتر وازی لێبێنێت كە ئەمەیان بۆی هەیە لەئایندەدا سەربەخۆییەكەش بخاتە ژێر پرسیارەوە .بەلام گونجاوترین ڕێگا بریتیە لەوەی كە هەردوو پرۆسەكە بەیەكەوە ڕێگا بگرنە بەر وخستنە پێشەوەی یەكێكیان وەكو تەكتیكێكی كاتی سەیر بكرێت .ئەمەش پێویستی بە ڕێككەوتنی هەموو لایەنەكان هەیە لەسەر پرسە گرنگەكان وخوێندنەوەی بیروبۆچوونی جیاوازی یەكتر دوورو لەگیانی سڕینەوەوپشت گوێ خستن وتەخوین وتەشهیر كردنی یەكتر.بەلام بۆئەوەی بسەلمێمێنن كەوا هەنگاوەكان جدین ئەوا پێویستی بە ڕێككەوتنی ناو ژوورە ڕووناكەكان هەیە وبەئاگاداربوونی خەلكی بایەخ پێدەر بە شەفافانە بەهەموو هەنگاو ڕێككەوتنەكان ئەنجام بدرێن.
با خەمی هەموو لایەك خەڵك بێت بۆئەوەی خەمی خەڵكیش سەركەوتنی پرۆسەی سیاسی بێت با خەمی حكومەت وپەرلەمان وحزبەكان خەمی خەڵك بێت چونكە هەموویان لەسەر خوێنی ئەم خەڵكە پێگەیشتوون وكاردەكەن.با خەمی هەموو رۆشنبیرونووسەروڕاگەیاندن وڕۆژنامەنووسەكان خەڵك بێت نەك هەر یەكەو خەمی گەیاندنی هەواڵێكی نوێی لەپێستێكی سەیردا تەنها بەمەبەستی خوێندنەوە.باخەمی خەلكیش پرۆسەی سیاسی بێت ئازادی بێت .با چاكسازی ببێتە پرۆژەووەكو پرۆسەیەكی بەردەوام كاری لەسەربكرێت .كەواتە چ چاكسازی یان ئازادی ئەگەر ئامانجی خزمەتی خەڵك نەبێت ئەوا فلسێك ناهێنێ.