برایان ئێوە (عەبدی مەئمورن )!

 

 لەگەڵ رێزی زۆرم بۆ هاوڕێیانی پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا ، من عەرزیان دەکەم کە هەق نیە لە لێدوانەکانتاندا بۆ میدیاکان ، زۆر باسی نەگەڕانەوە بۆ بەغدا بکەن ..

لەبەر چەند خاڵێک :

یەکەم جارێ ئێوە بۆیە دەنگتان پێدراوەو هەڵبژێردراون ، کە لەبەغدا بن و لەو سەنگەرەی پێشەوە داکۆکی لە ماف و موستەحەقاتی خەڵکی کوردستان بکەن ؛ واتە ئێوە هەن بۆ ئەوەی لە بەغدا بن ؛ کەلێرە بن ئێوە پەرلەمانتار نین ، بەڵکو هاووڵاتی ئاسایین..

دووەم : ئێوە ـ براو خوشکان ـ لە ئێمە باشتر ئەزانن کە گەڕانەوەو نەگەڕانەوەتان بۆ بەغدا ، لەدەسەڵاتی ئێوەدا نیە، بەڵکو سەرکردایەتی سیاسی حیزبەکان بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەسەر دەدات ،نە ک ئێوە بەڕێزان !

دیارە و ڕوونیشە کە سەرکردایەتی سیاسی کوردستانیش لەم پرسەدا ـ بەتایبەت ـ لەژێر کاریگەری و هەژموونی دەرەکی ( ئەمریکاو ئێران) دان و ئەو دوو هێزەش ـ لانی کەم لەم قۆناغەدا ـ یەکڕان لەسەر بەردەوامی پرۆسەی سیاسی لە ئێراق وەکو خۆی و بەبەشداری لایەنە کوردستانیەکان .. لەبەر ئەوە پێشبینی دەکەین لەڕۆژانی داهاتوودا ، بەگوشاری ئەمریکاو ئێرانیش، جارێکی تر ئێوە بنێردرێنەوە بۆ بەغدا .. کەوابوو بەڕێزان لە هەموو حاڵەتێکدا ؛ جەنابتان وەک عەرەب دەڵێ : (عەبدی مەئمورن) چونکە ڕاستە نوێنەری خەڵکن؛ بەڵام ڕاسپێردراوو فەرمانپێکراوی حیزبەکانتان..