رێكەوتننامەی یەكێتی و گۆڕان و ئەگەری قوڵكردنەوەی ململانێكان

ئەگەر سەرنجی رێكەوتنە ستراتیجیەكی نێوان گۆران و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بدەین، نەیتوانیوە ببێتە مایەی داهێنانێكی نوێ‌ لە فەزای سیاسیی كوردستان و پەیوەندی نێوان ئەو حیزبانە، چونكە ئەم رێكەوتنە ستراتیجیەش هاوشێوەی رێكەوتنە ستراتیجیەكەی نێوان پارتی و یەكێتیە كە لە ساڵی 1988ەوە هەتا ئێستا درێژەی هەیەو هەر ئەم رێكەوتنەشە كە بووەتە بەشَك لە نەهامەتی و قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان، راستە ئەم رێكەوتنە كۆتایی بە شەڕی نێوان ئەو دوو پارتە هێنا، بەڵام قەیرانێكی تری درێژە پێدا كە نەهامەتیەكانی كەمتر نەبوو لە شەڕ، ئەویش بەرهەمهێنانی ئەم گەندەڵیەیە كە دابەشبوونی كوردستانە لە نێوان دو ئیدارەداو پەكخستنی هەموو چاكسازیەك بوە لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، ئەم رێكەوتنەی نێوان گۆڕان و یەكێتیش تەنها جێ‌ گۆڕكێیە لە نێوان حیزبەكان و دروستكردنی هاوكێشەی نوێیە لە نێوان لایەنەكاندا و دروستكردنی هاوكێشەی نوێیە بۆ ململانێ‌ سیاسیەكان، واتە رۆژێك هبوو یەكێتی و پارتی لەبەرەیەكدا بون دژ بە حیزبەكانی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام ئەمڕۆ پارتێكی گەورەی ئۆپۆزسیۆن دەبێتە هاوپەیمانی بەشێك لە دەسەڵات بۆ روبەڕوبوونەوە لەگەڵا نیوەكەی تردا.

نزیك بوونەوەی یەكێتی و گۆڕان پاش ئەو قەیرانە سیاسییە هات كە رووی كردە هەرێمی كوردستان و تیایدا پەرلەمان پەك خراو بەشێك لە وەزیرەكانی حكومەت دەركران و بەدوای خۆشیدا ئەو قەیرانە داراییەی هێنا كە ئێستا دەیبینین، پارتی لە جیاتی گەڕان بەشوێن رێگەچارەی سیاسیدا ویستی گۆڕان زیاتر پەراوێز بخات و تەنانەت بیری ئەوەشی بۆ دروست بوو بوو كە بەیەكجاری لە گۆڕەپانی سیاسیی دا دووری بخاتەوە.
گۆڕان پاش ئەوەی زانی كە زۆربەی دەرگاكان بەروویدا داخراون بە ناچاری پەنای برد بۆ رێكەوتنی ستراتیجی لەگەڵا یەكێتی دا، كە لەراستیدا ئەم هەنگاوە بەنیسبەت گۆڕانەوە زۆر گرانە، بەتایبەتیش لەلای جەماوەر و دەنگدەری گۆڕان، چونكە بنەمای گۆڕان لەسەر دژایەتی و پەرتكردنی یەكێتی دروست بووە و ئامانجی سەرەكی بزوتنەوەكەش روبەڕووبوونەوە بووە لەگەڵا گەندەڵیدا، كە بەشێكی زۆری لە دەڤەری سەوز و حكومەتیشدا یەكێتی لێی بەرپرسیار بووە، لەبەرئەوە واژۆكردنی رێكەوتننامەی ستراتیجی لەگەڵا پارتێكدا كە هیچ هەنگاوێكی بۆ چاكسازی نەناوە دەنگدەری گۆڕان تووشی شۆك و هەرەس و ناڕەزایی دەكات.
ئەگەر سەیری زۆربەی بەندەكانی رێكەوتننامەكە بكەیت شتی باشن و خزمەت بە ئایندەی سیاسیی هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵام ئایا پارتی لەم كاتەدا كەوێتە ژێر كاریگەری ئەم فشارانە و مل بۆ چاكسازی و شەرعیەت دەدا و رێگە دەدات دەزگا شەرعیەكانی وەك پەرلەمان كارا ببنەوە یان بڕیاری هەڵبژاردنێكی پێش وەخت بدات؟. بەبڕوای من پارتی هەرگیز لەم رێگەیەوە ملكەچ نابێت و بە سەرنجدان لە لێدوانی بەرپرسەكانی پارتیش ترس و دو دڵییەكی زۆریان پێوە دیارەو لە ئێستادا لە هەڵوێستێكی تر دەگەڕێن كە لە بەرامبەر ئەو رێكەوتننامەیەدا دەری ببڕن.
ئەوەی جێگەی سەرنجە لێرەدا ئەوەیە كە ئەم رێكەوتننامەیە بەشێوەیەكی كرداری كوردستان دابەش دەكاتەوە بۆ دوو زۆنی جیاواز، واتە لێك دووركەوتنەوەی دوو ئیدارەكە زیاتر تۆخ دەكاتەوە و ناكۆكیەكان قوڵتر دەكاتەوەو زیاتر دوو زۆنەكە دەخاتە باوەشی دوو دەوڵەتی هەرێمایەتی دەرەوەو بەمەش دەتوانن بەیەكجاری خەونی سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق لەبار بەرن، كێشەی سیاسیی لە هەرێمی كوردستاندا كێشەی هەموو خەڵك و پارتە سیاسیەكان و رێكخراوە مەدەنیەكانە، لەبەرئەوە زۆرتر پێویستی بە گفتوگۆی هێمنانە و نزیك بوونەوەی هەموو لایەنەكان و وەرگرتنی رای هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانە، نزیك بوونەوەی گۆڕان و یەكێتی لەم كاتەدا كە پەرلەمان لەكاركەوتووە خزمەت بە كاراكردنەوەی ناكات، چونكە پارتی بەشێوەیەك سەیری ئەم رێكەوتننامەیە دەكات، كە ئەگەر لەهەر قۆناغێكدا بێتە مایەی لاوازكردنی پارتی ئەنجامی نادات، بەتایبەتیش لە كاراكردنەوەی پەرلەماندا ئەو دەبینێت كە دەبێتە كەمینە و تێپەڕاندنی هیچ یاسایەك بە بەرژەوەندی ئەو نابێت و هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی و دەستوریش بە قازانجی ئەو نیە، لەبەرئەوە لەژێر سایەی ئەم دۆخە نوێیەدا نە رێگە دەدات پەرلەمان كارا بێتەوە، نە گۆڕان بەشداری حكومەت بكاتەوەو لەلایەكی تریشەوە فشارەكان بۆسەر یەكێتی زیاد دەكات لە هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتننامەی ستراتیجی لەگەڵا یەكێتی داو هەموو ئەو رێكەوتنانەش كە لە نێوانیاندایە بەتایبەتی لەسەر نەوت و غاز و گومرگەكان، ئەوكاتەش یەكێتی یان دەبێت قوربانی بدات بە ئەو بەرژەوەندیانەی كە لەگەڵا پارتیدا هەیەتی، یان دەبێت لە رێكەوتننامەكە پاشگەز بێتەوە، كە هەردووكیان بۆ یەكێتی قورسە. ئەگەر یەكێتی گۆڕانی هەڵبژارد بەسەر رێكەوتننامە ستراتیجیەكەدا، ئەوا جیابوونەوەی دوو ئیدارەكە دەبێتە دیفاكتۆ، ئەمەش خەونی گەورەی ئێران و توركیایە بۆ لەباربردنی خەونی سەربەخۆیی.ئەگەر لە ڕێكەوتنەكەش پەشیمان بێتەوە لەروی مەعنەویەوە زیانی گەورە دەكات و سلێمانیش دەچێتە دۆخێكی ترەوە .