پەیڕەوو پرۆگرامی یە كگرتو شاهەنگاوێك بەرەو دیموكراسیەت


خاڵی پرشنگدارو ئەرێنی‌و جوان‌و گرنگ‌و دانسقە لە كۆنگرەی یەكگرتودا پەسەند كردنی پەیڕەو پرۆگرامە، كە لە دو توێ‌و هەناویدا گۆراِنكاریەكی مەزنی هەڵگرتوە، ئەویش دەستەبەركردن‌و بەكردار كردنی دەستاو دەستی ئاشتیانەی دەستەڵاتە. لە (بڕگەی3، مادەی چوارەم، بنەماگشتیەكان) بڕیاری(....دەستاو دەستكردنی ئاشتیانەی دەستەڵات بە هەڵبژاردن...) دراوە، تائێرە كارێكی ئاساییە‌و زۆربەی دەستورو پەیڕەو پرۆگرامەكانی كەش دەقی هاوشێوەی ئەمەیان لە خۆ گرتووە، ئەمەش وەك وەڵامێك بۆ داخوازییەكانی هاوڵاتی‌و شەقام‌و ڕای گشتی ولایەنە نێودەوڵە تیەكان، بەمانایەكی كە ماسكێكی دیموكراتیە بۆ دیكتاتۆرێك، وسەلماندنی دیموكراتیەتی حزبە لەڕوی تێوریەوە. لەكاتێكدا حەوت كەژو حەوت كۆ كەوتۆتە نێوان ئەوان‌و دیموكراسیەتەوە.
گۆڕانكاری لەكەسی یەكەمی هەرحزبێكدا بە هەڵبژاردن بە سێ‌ ڕێگا جێبەجێ(پراكتیزە)دەكرێ‌:
1- كەسی یەكەم خۆی كاندید نەكاتەوە (ئەمینداری یەكگرتو مامۆستا صلاح الدین لەكۆنگرەی شەشدا ئەمەی جێبەجێكرد، ئەوسەروەریەی تۆماركرد).
2- كەسی یەكەم خۆی هەڵبژێرێتەوە بەڵام لە كێبەركێدا دەنگی پێویست بەدەست نە هێنێ‌. (بەداخەوە گەر لە كۆنگرەی حەوتدا مامۆستا محمد فرج نەكشایەتەوە لە كاندیدی ئەوا ئەم خاڵەش دەهاتەدی لە نێوان دو ئەمینداردا. دەبو بەئەزمونێكی نوێ‌ بۆ حزبە كوردیەكان).
3- گۆڕانكاریو دەستاودەستی پۆستی یەكەمی حزب بە یاسا ڕێكدەخرێ‌ لەڕێگای پەیڕەوو پرۆگرامەوە، بەوەی ماوەیەكی دیاری كراو دادەنرێ‌ كەس بۆی نیە لەوە زیاتر لەو پۆستەدا بمێنێتەوە.(ئەمەش ئەو هەنگاوەیە كەیەكگرتو لەكۆنگرەی حەوتدا ناویەتی).
خاڵی وەرچەرخان‌و گۆڕانكاری ڕاستەقینە لە (بڕگەی (2)، مادەی هەشتەم، ئەمینداری گشتی) دایە، كە تێیدا یەكگرتو بڕیاری دا(مافی گرتنە دەستی پۆستی ئەمینداری گشتی تەنها دوو خولی یەك لەدوای یەكە). واتە بەیاسا(پەیڕەو پرۆگرام ) بڕیاری دەستاو دەستی ئاشتیانەی پۆستی ئەمینداری گشتی داوەو كەس بوی نیە لە (8) ساڵ زیاتر لەو پۆستەدا بمێنێتەوە.
ئەم دەقە(مادە) شاكاریكی بەنرخە لە مێژوی دیموكراسیەتی ناو خۆی حزبە كوردیەكاندا، نرخی ئەوەی هەیە بەئاڵتون بنوسرێتەوە، چونكە ئێمەی كورد زۆر هەژارین لە ئەزمونی دەست هەڵگرتن لەكورسی ودەستاودەستی ئاشتیانەی دەستەڵات بە هەرهۆكارێك بوبێ‌، ئومیدەوارم لایەن‌و حزبەكانی كەش ئەم بڕیارە بەن‌و بەیەكجاری خۆیان وگەلی كوردیش ڕزگاركەن لەكێشەو دوبەرەكی‌و دوكەرت بون‌و خوێن ڕشتن لە پێناو كورسیدا. كە تائەمڕۆ خاڵی لاوازو مشتەی ناو هەمانەی حزبی كوردیە.