دزرانی پرسیاری تاقیكردنەوەكان یان قەیرانی بەها ئەخلاقیەكان لە ناو پرۆسەی پەروەردەدا

رۆژ بەڕۆژ شوێنكاری گەندەڵی لەسەر هەموو كەرتەكانی حكومەت دەردەكەوێت و ئەو ڤایرۆسە زیاتر گەشە دەكات، هەتا وای لێدێت سەرجەم لاشەكەی دادەڕزێنێت.
ئەو دەنگۆیەی لە چەند رۆژی رابردوودا بڵاوبوەوە سەبارەت بە دزرانی پرسیارەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی، زەنگێكی زۆر مەترسیداربوو، چونكە پرۆسەی پەروەردە لە هەموو وڵاتێكدا بە بنەمای ئەخلاق و دڵسۆزی و گەشەپێدان دادەنرێت و دامەزراوەیەكە بۆ بنیاتنانی مۆڤی چاك بە هەموو مانا جیاوازەكانیەوە ،هەركاتێك گەندەڵی چووە ئەم كەرتەوە، ئیتر ئەو وڵاتە لەدوای ئەوەوە شتێك نامێنێت لەدەستی بدات، بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە ناو جەستەی حكومەتدا بەوشێوەیە بە خێرایی و گەیشتنی بە پرۆسەی پەروەردە و تا ئەو ئاستەی كە مامۆستا و بەڕێوەبەری هۆڵەكان ئامادەی خیانەتكردن بن لە پرسیارەكانی تاقیكردنەوەی وزاری و وەزارەت متمانەیان پێنەكات كە پرسیارەكانیان تەسلیم بكات كە بیگەیەننە هۆڵكانی تاقیكردنەوە ،ئەمە زەنگێكی مەترسیدارە ، كە لە ساڵانی رابردودا نمونەی نەبوە ، ئەمە مانای دروستبوونی كائینێكە لەناو پرۆسەی پەروەردەدا، كە خۆی دادەبڕێت لە هەموو ئینتیمایەكی نیشتمانی و ئاینی و نەتەوەیی و زۆرجاریش وەك تاكێكی دژ بە هەموو بەها باڵاكانی كۆمەڵگە مامەڵە دەكات، دواجار ئەمە كاریگەری راستەوخۆی دەبێت بۆسەر سایكۆلۆژیای قوتابیەكان و خێزانەكان و كۆی گشتی باری دەرونی كۆمەڵگە و لەدوای ئەوەوە كۆمەڵێك پرسیار سەرهەڵدەدەن كە وەڵامدانەوەیان زۆر گرانە، بەتایبەتیش ئەوەی كە رودەكاتە پارتە حوكمڕانەكان و پێیان دەڵێت ئێوە سەرقاڵی چین؟ دەتانەوێت چی بكەن،؟ لە كاتێكدا لەژێر باڵی حكومەتەكەی ئێوەدا كوردستان بووەتە زیندانێكی گەورەو هاوڵاتیەكان تەواو شەكەت بوون و ئەگەر كار وا بڕوات جینۆسایدێكی تری كۆمەڵگەی كوردی بەڕێوەیە بەڵام بە رێگەیەكی تر كە جیاوازە لە شێوازەكانی رابردوو.لەناو پرۆسەی پەرەوەردەشدا چ جۆرە تاكێك بەرهەم دەهێنن ،زۆربەی ئەوانەش كە جورئەتی ئەو كارانەیان هەیە هەر كەسانی نزیك لە دەسەڵات و ئەو ئەخلاقە سیاسیەن كە ئێستا لە دەسەڵاتدان .
ئەوەی ئێستا لە كوردستان دەگوزەرێت زۆر بارێكی ترسناكە، چونكە گرفتەكە تەنها ئەوەنیە كە باری دارایی و گوزەرانی خەڵك خراپ بووە، بەڵكو دیوە مەترسیدارەكەی كاریگەریەتی لەسەر سایكۆلۆژیای تاكی كورد و روخاندنی بەها باڵاكان و نەهێشتنی ئینتیما و گۆڕینی تاكی كوردی بۆ مرۆڤێكی بێ‌ ئامانج و ئایدیا و پوچ گەرا، كە دواجار ئامادەی هەموو شتێك بێت كە زیان بە دەسەڵات و نیشتمان و نەتەوەكەی بگەیەنێت و دواجار ئەمە بگاتە پرۆسەی پەروەردەو ئیتر كۆمەڵگا وەك دز سەیری بەڕیوەبەرو مامۆستاو وەزارەتی پەروەردەبكات ،
لەكاتێكدا كە حكومەت ئیفلیج كراوەو پەرلەمان لەكارخراوەو دەرگا واڵابووە بۆ مافیاكان بە ئارەزووی خۆیان تەراتێن بكەن و حسابی هیچ واریداتێكی نەوت و گازو گومرگەكان و ... هتد دیارنەبێت و ئەمەش وەك مافیایەكی رێكخراو كار بكات و ئەوەی بەلای ئەم دەسەڵاتەوە گرنگ نەبێت هاوڵاتی و گوزەران و ژیانی بێت و بەبەرچاوی خەڵكەوە ملیۆنەها دۆلار بە فیڕۆ بدرێت و تەخشان و پەخشانی پێ‌ بكرێت و ملیۆنەهای تریش بدزرێت و بێ‌ سەروشوێن بكرێت، ئایا لە ئەو بارودۆخەدا پرسیاركردن لە دزینی پرسیاری وزاری چ مانایەكی بۆ دەمێنێتەوە، ئایا هاوشێوەی گەڕان بەشوێن دزرانی پرسیارەكان، بەشوێن سەروەت و سامانی ملیارەها دۆلاریشدا دەگەڕێن؟، یان ئەگەر دۆزرانەوە دەدرێنە دادگا، ئەگەر ئەمەتان پێ‌ ناكرێت كەواتە دادگایی كردنی دزەكانی پرسیارەكانی وزاری چ مانایەكی هەیە، كەواتە ئەگەر دەتانەوێت بەڕاستی پرۆسەی پەروەردە بەپاكی بمێنێتەوەو هەرێمی كوردستان بەرەو گەشەپێدان بڕوات سەرەتا لە چاككردنی دامەزراوە شەرعیەكانەوە دەست پێ‌ بكەن و حكومەت بەهێز بكەن و شەفافیەت لە سەروەت و ساماندا جێبەجێ‌ بكەن و لەدوای ئەوەش ئینجا بگەڕێنەوە بۆ كەرتی پەروەردە و گرنگترین فاكتەر تیایدا كە مامۆستایە رێزو كەرامەتی بۆ بگێڕنەوەو گوزەرانی باش بكەن و وەك مرۆڤ مامەڵەی لەگەڵدا بكەن، هەتا ئەویش تاكێكی دڵسۆز بێت و بتوانێAت نەوەیەكی راستگۆو دڵسۆز و هۆشیار پەروەردە بكات.